باشیت؟

126 27 21
                                    



سڵاو ئەزیزانم، ماوەیەکی زۆرە جێمهێشتوون بمبوورن..

زۆر لەناکاو ئەم بیرۆکەیەم بۆ هات، تەنها لەگەڵ هاوڕێیەک دەدوام و هات بە یادمدا، بۆیە تکایە ببورن گەر بیرۆکەکانم جارێکی دی ڕێکخراو نەبوون.

هەرچەندە ئێستا پێکەنینم دێت، چونکە لەخۆمم پرسی جا کەی ڕێکخراو بوون تا دووەمجاریان بێت؟

هەرچۆنێک بێت با لەوە بگەڕێین، لەکۆتاییدا لەوانەیە ناڕێکیش جوانی خۆی هەبێت کێ دەزانێت..

پرسیاری ئەمشەومان.. باشیت؟

پرسیارێکی زۆر ڕۆتینی، زۆر کۆن، زۆر گرنگ، زۆر هەستیار وە زۆر بەکارهاتوو.. سەرەڕای هەمووی زۆر بێ مانا..

باشە بۆچی کە گرنگە دەبێت بێ ماناش بێت؟ ئەمە سەیر نییە؟

هەرچەندە ئەو دەربڕینە هی منە و لە گۆشەی بینینی منەوە هاتووە، مەرج نییە ڕاست بێت بەڵام مەرج نییە هەڵەش بێت.

کێشەکە لەوەدایە بێ مانایە کە ئەم پرسیارە لە کەسێکەوە ئاڕاستەت دەکرێت گرنگی بە باش بوون و نەبوونت نادات، واز لەوە بێنە ئەسڵەن گرنگی بە بوون و نەبوونت نادات..

بەڵام گرنگە کە لە کەسێکەوە ئاڕاستەت دەکرێت کە تۆ ئەزیزیت لەلای، کە دوای ڕۆژێکی بێزارکەری هیلاککەر بە هێمنی تەقە لە پەنجەرەکەت دەدات و بە دوو چاوی نیگەرانییەوە دەپرسێت ئەرێ تۆ چۆنیت، چۆن بوویت و ئەمڕۆ چیت کرد.

وە هێندەی ئاگادار بم ئەم پرسیارەش خەڵاتی ئەو پرسیارە دەباتەوە کە زۆرترین درۆ لە وەڵامدانەوەیدا کراوە.

مەرج نییە کەسەکە ڕەش بین یان گۆشەگیر بێت، هەنێ کات تەنها زۆر ڕاهاتووە بە وتنی "باشم" کە چیتر هەرچۆن هەست بکات وەڵامێکی تر بۆ ئەو پرسە نادۆزێتەوە، بەڵکو بەدواشیدا ناگەڕێت.

تکایە خوێنەرەکانم، تکاتان لێ دەکەم گەر وەڵامەکەتان بۆ گرنگ نەبوو لەو کەسەوە مەپرسن، وە کە دەپرسن سەیری چاویان بکەن، چاوەکان دەکرێت ئامێری کەشفکردنی درۆ بن هەنێ کات.. بەڵکو زۆربەی کات.

گرنگی بە یەکتر بدەن، گرنگی بە ئەزیزانتان بدەن.

مرۆڤەکان سروشتێکی سەرسوڕهێنەریان هەیە کە زۆر دوورە لە مەنتیقەوە.. زۆر دوورترە لەوەی بیری لێ دەکەنەوە..

گەر بڵێین دوو کەس یەکی کیلۆیەک خەم و پەژارە هەڵدەگرن، یەک دەبینن و لە حاڵی یەک دەپرسن.. هیچیان بە ڕاستگۆیی جوابی ئەو دی ناداتەوە، دەڵێن باشم بە دڵێکی توند و مێشک و جەستەیەکی ماندووەوە.. چونکە هەر وا ڕاهاتوون.

هێندە ڕاهاتوون چیتر جیایناکەنەوە پێویست دەکات ڕاستییەکان بە کێ بڵێن و وەڵامی کێ بە سەرزارەکی بدەنەوە..

بەڵام گەر بزانن کە بەرامبەرەکەی ئەو وەڵامەی بۆ گرنگە یان نا وە گەر بۆی گرنگ بێت بەڕاستی وەڵام بدەنەوە، مرۆڤە خەمناکەکان بە سروشتی خۆیان حەز بە یارمەتیدانی هاودەردانیان دەدەن، هێندە لە ئازاردا دەژین حەزناکەن کەس بەو شێوەیەی خۆیان بێت.

یارمەتی یەکتر دەدەن و دەردی نێو دڵی یەکتر دەردەهێنن پاشان خەمەکانیان دەگۆڕنەوە، هەڵدەستن و هەریەک بەڕێی خۆی دەڕوات، دووبارە بە کیلۆیەک خەمەوە بەڵام خەمی خۆیان نا.. بەڵکو خەمی هاوڕێکەی، هەست ناکەن باری شانیان قورسە هەرچەنە هەڵگری هەمان قورسایی یەکەمجارن.

چونکە هەڵگرتنی خەمی کەسێک کە ئەزیزە بۆت هیچ گران نییە، ئەو هەستەی کە پێت دەڵێ بە هەڵگرتنی ئەم قورساییە تۆ باری ئەو سووکتر دەکەیت یارمەتیت دەدات بەبێ هیلاکبوون و تەنانەت هەستپێکردن هەڵی بگریت.

هەرچەندە ئەمە خۆی لەخۆیدا زۆر پێکەنیناوییە، هەمان قورسایی هەڵدەگرن و بەڵام هەست بە قورساییەکەی ناکەن، بیهێننە بەرچاوتان گەر ئەو زانایەی کێشی دۆزیوەتەوە ئەوە ببیستێت.. بە گرەنتیەوە جەڵدەی سێ دووری لێی دەدات.

بەڵام ئەوە تەنها ڕاستییەکانە، گەر بیری لێ بکەیتەوە ژیانمان بەو جۆرەیە.

هەڵگرتنی قورسایی خۆمان گرانە، بەڵام با بۆ یەکتری هەڵبگرین، تەنها ئەوکات بە خۆشبەختی دەژین.

ئەمەش هەموو ئەوەبوو کە هات بە مێشکمدا و هاتم ئاڕاستەی ئێوەی بکەم.. هیوادارم پەیامەکەم گەیشتبێت، وە هیوام خۆشبەختی هەمووتانە.

تاوەکو کاتێکی نادیار، بە ئامانەتی خوداتان دەسپێرم ئەستێرەکانم ✨

My Quiet Corner || SarahWhere stories live. Discover now