سەیری ئاسمان بکە کچم

11 1 0
                                    

ماوەی چوارڕۆژە،هەور باوەشی کردوە بەئاسمانی شارەکەماندا.
دونیا تاریک، پەردەی پەنجەرەکە کۆدەکەمەوە، ڕوناکیەکی کز دێتە ژورەکەوە، کز وەک هیوای من.
بـا، چەند دڵۆپەیەک باران بەخێرای دەدات بەشوشەکەدا، وەک چۆن چارەنوسی منی کێشا بەم جۆرە ژیانەدا.
جارێکی تر سەیری دەرگاکەدەکەم ، دڵنیا دەبمەوە لەوەی کە کلیل دراوە.
سەیری بنمیچی ژورەکە دەکەم، ئاخر کەدڵتەنگ دەبیت چ شوێنێک وەک بنمیچی ژورەکەت سینەت بۆدەکاتەوە؟
چەند کاغەزێکم دۆزیەوە ، سێچوار دانەیەک دەبێت.
قەڵەمێکی بچوک ، نوکێکی کول ، زۆر کول .
دەمەوێت ئەوەی ڕویدا، بینوسمەوە. چیبکەم هەندێ ڕوداو هەیە ئەگەر نەینوسیتەوە، بەردەوام لەناختدا ، دوو بارەو هەزاربارە دەبێتەوە. ئازار قورسایەکە بەسەر سینەی مرۆڤەوە، نوسین دێت وەک پیرە پیاوێک ، کەمێکت لەکۆڵ دەکاتەوە. خۆزگە نوسین گەنج بوایە. نوسین ئەگەر زۆر کزۆڵیشبێت ، ئەگەر نەشتوانێت تەواو ڕزگارت بکات ، بەجێت ناهێڵێت. ئەوەی کەڕویداوە دەبێت لەسەر ئەو چەند کاغەزی بەردەمم بەزوترینکات ، بگێڕمەوە. کات دەستی کەس ماچ ناکات.  دووڕۆژم لەبەردەستایە، یەکی دوو کاژمێر.  پێش ئەوەی فەرمان بگەڕێتەوە،  دەبێت؛ شتێک بگێڕمەوە،  سبەینێش هەموو ئەوانی تر.  من ڤینۆس تەمەن بیست وچوار ساڵ دەبێت ، سێ ساڵ بەر لەئێستا ، شوم کرد. شوکردن ، نەخۆشیەکە کەدەیگریت، ناتوانی بڵێی : نەخۆشم ، دەبێ بەدرۆ بڵێیت: بەختەوەرم.
فەرمان مرۆڤێکی کەمدوو ، توڕە. پێکەنینەکەی دەڵێی پێکەنینی مرۆڤێکە، کەلەقومار دەیباتەوە.  شارەزا لەنمایشکردن ، باوەڕناکەم کەس لەوباشتر نمایش بکات. دەتوانێت خۆی وادەربخات؛ ئێستانا ئێستا هەڵدەفڕێت. ئەوتوانی دایکم بکات بە داوی نمایشەکانی خۆیەوە بەڵام، باوکم نـا. باوکم ، گوتی کچم چاوەکانی ، سەیری چاوەکانیت نەکردوە، دەڵێی گۆڕستانە، من قەلەڕەشیان تێدا دەبینم.  من لاشەی هەڵواسراوی تێدا بەدی دەکەم، کچم تۆ نایبینیت؟ گوتم: نـا، باوکە . سەیرێکی کردم و چاوەکانی بەهێمنی لەیەکنا، وەک ئەوەی بزانیت ڕوداوێک ڕودەداو ، نەتەوێت کاتی ڕودانەکەی ببینیت. گوتی :  کچم، دەیبینیت ، کاتی خۆی هات دەیبینیت ، بەڵام ئیدی ناتوانیت قبوڵی نەکەیت.
دایکم، گاڵتەی لەم قسانەی باوکم دەهات. ئەو دەیگوت:  باوکت ، سەوزە فرۆشێک زیاترنیە، چوزانێت پیاوی باش وخراپ چیە.  ئەوەڕویدا، من شوم پێکرد. سەرەتا هیچێک لەوانە ڕوینەدا کە باوکم گوتی . فەرمان زوزو دەیگوت با سەرێک لەماڵی دایکت بدەین، هەرگیس نەیدەگوت : ماڵی باوکت، چونکە لەدایکمەوە بیستبووی کە وەجەدینی مێردی هەرلەسەرەتاوە ڕازینەبوە  ڤینۆس ، بدرێت بەو پیاوە.
ژیان باشبوو تا ئەوکاتەی دایکم لەبەردەم ماڵەوە سەیارە لێیدا. دەست بەجێ مرد. کاتێک دایک دەمرێت ؛ ڕۆحی چەندکەسێکیش لەگەڵ خۆی دەبات.  دایک هیچ کات بەتەنها نامرێت . ئیتر ژیان گۆڕا ، واگۆڕا نەمدەناسیەوە. باوکم  زۆرلاواز بوو. لەماوەیەکی کەمدا سەری سپیبوو.  ئیتر نەیتوانی کارەکەی ئەنجامبدات. گوتی : ئیتر ناتوانم ژیان بفرۆشم بەم شارە. ئاخر باوکم ژیان و سەوزەی بەیەک دەچوان. ئەو دەیگوت من ژیان دەفرۆشم بەنرخێکی زۆرکەم.
لەماڵەوە کەوت باوکم.
فەرمان ئێوارەیەک بەتوڕەی گەڕایەوە ، هەر لەداکەندنی پێڵاوەکانیدا دیاربوو ، ڕوقسارە درۆینێکەشی دادەکەنێت.
هاتەژورەوەو سەیرێکی منی کرد. گوتی؛ سبەینێ ئاخیر جار باوکت دەبینیت، ئاخیر جار...
پەرداخێک ئاوی تێکرد، بەیەکجار خواردێوە.
گوتم: ئەو باوکمە ، هەرمنی هەم ناکرێ دەست بەرداری ببم.
پەرداخەکەی کێشا بەئەرزداو گوتی دوای سبەینێ، ڕۆشتن بۆلای باوکت،  وتم ڕۆشتن بۆلای باوکم چی؟ گوتی هەڵواسینە بە پەلی دارتوی حەوشەکەدا.
قسەکەی باوکم وەبیرهاتەوە ، کەگوتی: کچم چاوەکانی پڕن لەمردوو، قلەڕەش.
خۆر هێندە بەرزنەبو، ڕۆشتم بۆمالی باوکم.
باوکم کەنەفت، ماندو ، دەنگی نوساو.
سەیری ئاسمانی دەکرد.
چومە لایەوە. گوتی کچم : غەمگین دیاریت، قسەبکە.
گوتم باوە فەرمان ، دەڵێ دواین جارە ، ئیتر نابێت باوکت ببینیت.
باوکم هەردوو دەستی بۆڕاکێشام ، لەباوەشی گرتم.
کچەکەم من لەتۆ زیاتر کێم هەیە؟ باماچی سەرت بکەم بادەستەکانت بگوشم ، باتاڵەقژەکانت بەر ڕومەتم بکەوێت.
ڤینۆسەکەم ، هەرکات دڵتەنگی ئازار زۆری بۆهێنایت، سەیری ئاسمان بکە .کچم ئاسمان هیوامان دەداتی، ئاسمان نایەڵێت مرۆڤ بەئاسانی بمرێت.
باوکە، من چیبکەم؟
کچم ، هەندێ جار ژیان دوو ڕێگات دەداتێ، دوو گوڵ دەخاتە بەردەمت، دەبێت بەیەکێکیاندا بڕۆیت، یەکێکیان هەڵبژێریت. نابێت سەیری ئەوی تریان بەکەیت ، ژیان بەوەۆ ناوەستێت تەنها یەکیان هەڵبژێری و ئەویتریان هیچ لێنەکەیت . دەبێت ئەوی کەهەڵی نابژێریت ، بیخەیتە ژێرپێت. تەبیعەت ئاوایە یان دەبێت لەژورەوە نەهێتەدەرەوە یان دەبێت باوەش بەهندێشتا بکەیت و تف لەهەندێکی تر.
بەشی یەکەم

You've reached the end of published parts.

⏰ Last updated: Dec 01, 2021 ⏰

Add this story to your Library to get notified about new parts!

سەیری ئاسمان بکە کچمWhere stories live. Discover now