مرۆڤ چییە؟

532 75 64
                                    



دووبارە سڵاو لە ئەستێرەکانم..

دووبارە ھاتمەوە ئێرە وەک ئەوەی کەسێک ڕامبکێشێت و دامبنیشێنێت بڵێت دابنیشە بنووسە دەی، بەبێ ئەوەی بزانم کە باسی چی دەکەم.. بەبێ ئەوەی ئاگاداربم کە چۆن وشەکانم ڕێکدەخەم.. تەنھا ھەناسەیەکی قوڵ وەردەگرم و لە گۆشەیەکی ژوورە تاریکەکەمدا دادەنیشم و ناخی خۆم دەکەمەوە بۆتان.

باوەڕم ھەیە کە ڕووناکی لە ناخی مرۆڤەکاندا بوونی ھەیە کەم تا زۆر گرنگ نییە بەڵام بوونی ھەیە.. چونکە ئێمە مرۆڤین، چونکە ئەو ڕووناکییە دەبێت ھەبێت.. ھەرچەندە کەم بێت دەبێت ھەر ھەبێت، وە بە باوەڕی من گەر ئەو ڕووناکییە پشانی کەسانی دی بدەیت ئەوانیش ڕووناکی ناخی خۆیان دەدۆزنەوە.

پێم باشە ئەمشەو باسی مرۆڤ بکەین.. ئەمشەو دەمەوێت ڕوونی بکەمەوە کە " مرۆڤ چییە؟ " ئەمە شتێکی سەیرە.. بەڕادەیەک سەیرە کە خۆشم نازانم چۆن دەستی پێ بکەم.

وە ئەمشەو لە شەوانی ئاسایی تاریکتر دیارە، ئەمشەو من کە ھاتمە ئێرە خەمناکتر بووم لە ئاسایی.. ئەو قاوەیەی ئەمشەو خواردمەوە تاڵتر بوو لە ئاسایی، وە ئەو گرێیەی لەسەر دڵم دروست بوو گەورەتر بوو لە ئاسایی.. بۆیە بمبورن گەر کەموکوڕیم ھەبوو لە ھەر جۆرێک.. بەڵام لە کۆتاییدا جڵەو دەدەمە دەست خەیاڵم و بزانم بەرەو کوێمان دەبات.

ئێھـ.. من گوتم مرۆڤ باس دەکەم وانەبوو؟ باشە مرۆڤ چییە؟ نە بەڕاستی یانی دەبێت چی بێت.. شتێک، تۆپەڵێک لە ھەست و سۆز.. شتێکی ترساو، شتێکی خەمناک، شتێک دەکرێت دڵسۆز یان دڵڕەقترین دروستکراوی سەر زەوی بێت.. شتێک یەک تۆپەڵی ئاڵۆز بێت بە ساڵەھا ئەم زانا و ئەو حەکیم لێی بکۆڵێتەوە.. ھەزارەھا ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەی لەسەر بێت.. بەڵام سەرەڕای ئەوە ھەر نامۆ بێت و نەناسراو بێت، ئەمە چەند ئاڵۆز و سەیرە!

بەڵام بەوەی کە من لێی تێبگەم، پێکھاتەیەکی ئاڵۆزە لە ھەموو شتێک.. لە ھەموو شتێکدا بەشێکی ھەیە، لە ھەموو بوارێکدا توانای ھەیە.. وە ھەموو ھەستێک لەناخیدا ھەڵدەچێت و کپ دەبێتەوە.. وە جێی باسە کە ھەموو ئەمانە بەھۆی تۆپەڵێکی ئاڵۆز و لێک ئاڵاو لە ھەست و سۆز بەڕێوە دەچێت..

بەڵام بەپێی ئەوەی گەر خوێنەری ئەمە بیت تۆ مرۆڤیت، وە منیش بەپێی نووسەری دەبێت مرۆڤ بم.. وە با ئامۆژگارییەکت بکەم ئەی ھاوڕێ، ئاساییە.. ھەمووی ئاساییە.. ھەموو ئەو ھەستانەی بۆت دروست دەبن ئاساییە، ھەموو خەمناکی و دڵخۆشییەک ھەرچەندە کاتی دەرکەوتنی سەیر بێت ئاساییە.. ھەموو ھیوا و نائومێدی و چوست و چالاکییەک یان بێزارییەک ئاساییە.. ئێمە مرۆڤین، ئێمە لە ھەموو شتێک بەشێکمان ھەڵگرتووە.. کەم تا زۆر ئەوە جیاوازە بەڵام ھەموومان ھەڵگری ھەموو یەکێک لەو ھەستانەین.

My Quiet Corner || SarahTempat cerita menjadi hidup. Temukan sekarang