١

177 31 85
                                    







وەک زۆربەی هاوتەمەنەکانم ژیانێکی سادەم هەبوو، تا ئەو کاتەی لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا، مێشکم بڕیاریدا بە ڕێگەیەکی تر بیر بکاتەوە، کە بڕیاردان بوو بۆ ئەوەی بە سەختترین شێوە خۆی قەلەق بکات، شەڕ لەگەڵ ئەندامانی جەستەشم بکات هەنێک کات، بەتایبەت کە فشارم بۆ دەهات، بە جۆرێک کە لە نەخۆشخانە خۆم دەبینیەوە کاتێک دەهاتمەوە هۆش خۆم.

هەمیشە بیرم کردۆتەوە کە مرۆڤ کاتێک زۆر دەترسێت و بە سەختی قەلەق دەبێت و فشاری دەروونی بۆ دێت، زۆر لاواز دەبێتەوە و لە ڕووی ڕاستەقینەی خۆی نزیک دەکەوێتەوە،  دەزانم هەست بە چ ئازارێک و دڵەڕاوکێیەک دەکات، دەیەوێت یەکێکی زۆر مەزنتر و هێمنتر لەخۆی باوەشی پیادا بکات، ئارامی ڕۆحی خۆی بەشبکات لەگەڵ ڕۆحە بریندارەکەی ئەو، پێی بڵێت کە هەموو شتێک باش دەبێت هەرچەندیشە ئەستەمە بتوانێت بڕوا بە ئەو قسەیە بکات.
یان دەیەوێت بەتەنها بێت و ببێت بە بەرد و هەست بە هیچ نەکات، یان دەیەوێت بمرێت،
یان دەیەوێت هەموو شوشەکانی ئەو ژوورەی کە تیایدایە بیشکێنێت.

هەندێک جار زۆر ڕقم لە دڵەڕاوکێیەکەم دەبوویەوە، وای دەکرد لە کۆمەڵگە جیا ببمەوە، چەند ترسێکی بێ هۆکار و بێ مانا وا دەکات نەتوانم بە ئامانجەکانم بگەم و هەوڵ بدەم بۆ ئامانجەکانم، بگرە وام لێ دەکات پەشیمان ببمەوە لە دانانی ئامانجێک بۆ داهاتووم، چونکە دڵەڕاوکێیی ئەو پێناسە باوە لەخۆ دەگرێت کە دەربارەی داهاتوو هێندە نیگەرانیت ئاگات لە چواردەورت نامێنێت.

دڵەڕاوکێیەکەم وەک سوڕێکی هەمیشەیی وابوو، دەبووایە ڕابکەم لە دەست بیرکردنەوەکانم و ئەوەش هیلاکی دەکردم، زۆر هیلاک.
لە یادم نییە کۆتا جار کەی بوو من بە ئاسوودەیی و ئارامی دانیشتبێتم و بیرم کردبێتەوە،
هەستم دەکرد کچێکی بێ بەش بووم لە ئارامی و ڕزگاربوون لە ترسە بێ ماناکانم، ئەوە بوو کە هەتا زیاتر بۆم دەربکەوتایە ترسەکانم بێ مانان، ترس و فشار زیاتر ڕوویان تێ دەکردم.


زۆربەی کات ماڵەوە شوێنی حەسانەوە بوو بۆ مێشکم، چونکە هەستم بە پارێزراوی دەکرد لەلای دایکم و باوکم.

کە منداڵ بووم و برا بچووکەکەم هێشتا لە دایک نەبووبوو، واتە کە تاکە منداڵی ماڵەکە بووم، زۆر منداڵێکی لاسار بووم، هەرچەندە کە درەنگ توانیم قسەبکەم و بڕۆم لەسەر پێیەکانم، دەبووایە باوکم بمگرێت لە باوەشی خۆیدا کاتێک دایکم خوانی ئامادە دەکرد لەسەر مێزەکە تاوەکو قاپ و قاچاخەکان نەشکێنم، بیرم نایەت بۆچی حەزم لە قاپ شکاندن و شت ڕشتن بوو، هەرچەندە باوکم دەڵێت کە دەیخستمە پێکەنین لەبەر ئەوە ئارەزووم وابوو، بە تایبەت دەنگی ڕشتنی شۆربا یان ئاو، کە پێم وابوو لە دەنگی میزکردن دەچوو، زۆر پێی پێدەکەنیم.
ئەو کاتەش نامۆ بووم، لەوانەیە نەخێر، تەنها منداڵێکی هیچ نەزان بووم وەک منداڵەکانی تر، کە شتە بچووکەکان دڵخۆشیان دەکردم و دەیانخستمە پێکەنین.





|| خۆرهەتاو ||Where stories live. Discover now