منت بمرێ، ئەتۆش وەک من غەمینی؟
گرفتاری تەم و تاسەی ئەوینی؟

شەوان وەک من، هەتاکو دێی بەلادا
دەمی مردن بەچاوی خۆت دەبینی؟

وەکو من هەر تلاوتل تا بەیانی
خەریکی ڕاژەنینی سەد برینی؟

جلی سەوزت لەبەردا ماوە یاخود
بەچەشنی پایزی زەرد، ماتەمینی؟

بەڕەوتی ڕێکی جاران هەڵدەچی یا
لەسەر لێواری پیری و داچەمینی؟

لە من بەولا، دەبێ کێ بێ بزانێ؟
چ شیرینی کە مەستی پێکەنینی

بە فرمێسکم دەگوت دوێ شەو، کە باری
کە پرچت تەڕ دەبێ چەند نازەنینی

دڵم دەردێ کە نایەی، تا بزانم
ئەمێستاش هەر لەڕەنگی یاسەمینی؟

لەکام دەریا؟ لەکام سەحرا؟ لەکام جێ؟
لەکام چاڵی شوم و تاری زەمینی؟

نە تۆ دێی و نە دەنگم دێ، بپرسم
منت بمرێ، ئەتۆش وەک من غەمینی؟

| شێخە ڕەسووڵ🖤
  • JoinedJanuary 20, 2023