baekluv7
ئازادی
ئازادی…
وشەیەک نییە تەنها لەسەر زمان بگوترێت،
یاخود لەسەر کاغەز بنووسرێت و تەواو؛
ئازادی،
هەناسەیەکە کە لە سنگی مرۆڤدایە..
ئازادی ئەو باڵندەیەیە
کە لە ئاسمانی دڵدا هێلانەی کردووە،
هەرچەندە قەفەسەکان جوان بن،
هەرچەندە دیوارەکان بەرز بن،
دڵی باڵندە هەمیشە بۆ ئاسمان ئەکووترێت.
ئازادی ئەو ڕووناکییەیە
کە لە تاریکیی شەودا
ڕێگای گەڕانەوە بۆخۆت نیشان دەدات،
کاتێک هەمووان دەیانەوێت
وەک ئەوە بی کە ئەوان ئەیانەوێت..،
ئەو دەڵێت:
«خۆت بە، چونکە هیچ کەس ناتوانێت
شوێنی تۆ بگرێتەوە.»
ئازادی بە بەستنەوەی زنجیرێک کۆتایی نایێت،
لەوەدایە کە زنجیرێک هەرگیز
لە ناو ڕۆحتدا دروست نەبێت؛
لەوەدایە بتوانیت
بێ ترس قسە بکەیت،
بێ ترس بیر بکەیتەوە،
بێ ترس خەون ببینیت.
چونکە مرۆڤ
پێش ئەوەی ناوێکی هەبێت،
پێش ئەوەی نیشتمانێکی هەبێت،
پێش ئەوەی زمانی خۆی فێر ببێت،
بە ئازادی لەدایک دەبێت.
ئازادی،
ئەو دەنگە بێدەنگەیە
کە لە قوڵایی دڵەکانەوە سەرچاوە دەگرێت،
ئەو ئاواتە دوورەیە..
کە نە گوللە دەتوانێت بیکوژێت،
نە دیوار دەتوانێت بیوەستێنێت،
نە کات دەتوانێت لەبیرمان بباتەوە.
و من
هەر کاتێک وشەی «ئازادی» دەبیستم،
وەک ئەوەی باڵێک لە شانی خۆم دەردەچێت،
وەک ئەوەی هەموو ڕێگا دوورەکان
لەبەر چاومدا نزیک ببنەور.
چونکە ژیان
بێ ئازادی،
تەنیا مانەوەیە؛
بەڵام ژیان لەگەڵ ئازادی،
فڕینە بەرەو ئەو ئاسمانەی
کە سنوورێکی نییە.