داپیرەم کاتێک سینیەکەی لە دەستم وەرگرت وتی:
" خودای گەورە مرادی دڵت حاسڵ بکات ڕۆڵە گیان، دەستەکانت خۆش بێت. "دایکی باوکم زۆر بە تەمەنە، بە سەختی ھەڵدەستێتە سەر پێ، ھەموو پێستی چرچ و لۆچ بووە، پیرەژنێکی خۆشەویستە بۆ بچووکترین یارمەتیشم سپاسم دەکات و نزای خێرم بۆ دەکات.
دایکم سینییەکەی خستە بەردەم باوکم، باوکم بە چاوە بێ ھێزەکانی سەیرێکی سینییەکەی کرد، ڕەنگی زەرد زەرد ھەڵگەڕابوو، لە بەیانییەوە ھیچی نەخوارد بوو، بەڵام کاتێک سەیری خواردنەکانی کرد، دەتوت نایەوێ بیخوات، دایکم لە تەنیشتی دانیشت و تۆزێک خواردنی کردە ناو کەوچکەکە و بردی بۆ دەمی باوکم، باوکم بە بێ ھێزی و لاوازی وتی:
" ئارەزووی خواردنم نییە، دواتر دەیخۆم. "
دایکم وتی:
" جا ئەمە ئێستا و دوایی ھەیە ؟ لە کەیەوە تۆ بە برسێتی دانیشتووی، ئەگەر نەیخۆی چاک نابیتەوە. "
باوکم دەتوت دەپاڕێتەوە و سەیرێکی کرد و وتی:
" گەدەم وەری ناگرێت، تکات لێ دەکەم پێداگری مەکە... "
دایکم بە بێ تاقەتی سینییەکەی لابرد، باوکم سییەکانی نەخۆشن، ئەم نەخۆشییە لە شەش مانگدا باوکە بە زەوق و بە ئیشتیھا و چالاکەکەمی کرد بە پیاوێکی لاواز کە ھەمیشە دەکۆکێت و وەکو بەفر دەتوێتەوە و لە ناو دەچێت.
داپیرەم بە خەم و خەفەتەوە سەیری باوکمی کرد، دوای نەخۆش کەوتنی باوکم داپیرەشم بێزار و ناڕەحەت بوو، پاشان داپیرەم بە دەنگێکی بە گوڕ بە دایکمی وت:
" دەی خۆتان ئامادە بکەن سبەی دەچین بۆ کێڵگەکەی جەیمس، پزیشکیش وتویەتی ھەوای پاک بۆی باشە، ئەو ھەوا پاکەی کوێستان گەدەشی دەکاتەوە، دوێنێ جەیمس پەیوەندی کرد و وتی وەرن با بچینە کێڵگەکەم، برا بە کەڵکی ڕۆژێکی وا نەیەت بۆچی باشە ؟ "
ھیچ کاممان ورتەمان لێوە نەدەھات، دەمانزانی باوکم پێی خۆشە بڕۆین، تەنھا یەک برای ھەبوو ئەویش مامە جەیمس بوو، برا بچووکەکەی، جیاوازی تەمەنیان زۆر کەم بوون و ھەر وەک دووانە گەورە بووبوون، یەکترییان زۆر خۆش دەویست، بەڵام بە بۆنەی ئامۆژنە ئامیلیاوە زۆر درەنگ درەنگ سەردانی یەکترییان دەکرد.
ئامۆژنە ئیمیلیام حەزی نەدەکرد نە ئێمە و نە داپیرەشم ببینێت، کێشەی گەورە لە نێوانماندا نییە، دایکم ئەم حاڵەتەی وا ھەڵدەسەنگاند:
" ھەندێک ئافرەت خزمی مێردەکەیان خۆشناوێت. "بارودۆخی ماددی ماڵی مامە جەیمس زۆر باش بوو، کێڵگەیەکی گەورەی ھەبوو و بە ھاوینان لەوێ دەژیان، کاتێک بیستی باوکم نەخۆشە دوێنێ پەیوەندی کرد و بانگھێشتی کردین، من و دایکیشم حەز ناکەین بڕۆین، لەبەر ئەوەی دەزانین کە ئامۆژنە ئیمیلیا ئێمەی ناوێ.
داپیرەم وتی:
" بیر لە چی دەکەنەوە ؟ دەی خۆتان ئامادە بکەن با بڕۆین. "لەگەڵ دایکم سەیری یەکترمان کرد، ھەر بە چاو ڕێک کەوتین، بەڵێ لەبەر لەش ساغی باوکم دەبوایە بڕۆشتینایە، دایکم خۆی ئامادە کرد و بۆ ڕۆژی دوایی بەڕێ کەوتین. دوای ئەو ڕێگایەی بە پاس دوو کاتژمێری خایاند، لە ناوچەیەکی بچکۆلەدا دابەزین، مامم لەوێ چاوەڕوانی ئێمەی دەکرد، لەگەڵ باوکمدا بە حەسرەتەوە باوەشیان بە یەکدا کرد.
بۆ ئەوەی بگەین بە کێڵگەکەی مامم، سواری ئۆتۆمبێلەکەی مامم بووین و نیو کاتژمێری تر ڕێگامان بڕی، بە بەردەوامی بە بەرزاییەکاندا سەردەکەوتین، تا لە کۆتاییدا گەیشتینە کێڵگەکە، کاتێک لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزین، ھەر سێکمان بە سەرسامی سەیری جوانی سروشتمان دەکرد.
لە بناری چیایەکی سەوزدا بووین کە درەختی سنەوبەر ڕازاندبوویەوە، ئەو بۆنە پاک و خۆشەی دار سنەوبەرەکان خۆیان گەیاندە سییەکانمان، ماڵەکەی مامیشم کە ڕێک لە بەرامبەرماندا بوو، ڕێک دەتوت کۆشکی ناو فیلمەکانە، خانووە گەورە سپییەکە لەگەڵ سروشتەکەدا زۆر جوان ڕێک کەوتبوو.
لە لای ڕاستمانەوە تا چاو بڕی دەکرد ھەر ڕەز و باخی ترێ بوو، مامم بەپەلە قۆڵی کرد بە قۆڵی باوکمدا چونکە نەیدەتوانی لەسەر پێ ڕاوەستێ.
من و دایکیشم دەستی داپیرەمان گرت، ئامۆژنە ئیمیلیام بە ڕوویەکی خۆشەوە بەخێرھاتنی کردین، ئەوەی لێی دەترساین ڕووی نەدا، من و دایکم سەیرێکی یەکترمان کرد، لە چاوی ھەردووکماندا دڵخۆشی چاک ڕوو بەڕوو بوون دیار بوو.مامە جەیمس دوو کوڕی ھەبوو، ناویان لۆگان و لوکاس بوو، لۆگان ھاو تەمەنی من بوو، لوکاسیش لە ئێمە منداڵ تر بوو، لۆگان لەو ناوەدا دیار نەبوو. ئێوارە کاتێک لۆگان ھاتەوە بە سارد و سڕییەوە بە ھەموومانی وت: " بەخێربێن. "
بۆ ڕۆژی دوایی کاتی قاوەڵتی لەگەڵ کەسمان قسەی نەکرد، بە ڕوونی دیار بوو کە ھیچ پێی خۆش نەبوو ئێمە چووین بۆ ئەوێ. ھیچ ئارەزووم نەما و پەشیمان بووم لەوەی ھاتبووم، یەکسەر چاوم چووە سەر باوکم، ئەو ئاگای لە ھیچ شتێک نەبوو، بە دڵخۆشی لەگەڵ براکەی قسەی دەکرد، ھەر بۆیە بڕیارم دا ڕەفتارەکانی لۆگان لە دڵ نەگرم.
باوکم ھەم خۆراک خواردنی باش بوو بوو ھەم پێ دەکەنی، منیش ئەبوایە تەحەمولی ئەو دەموچاوە عەبوسەی لۆگانم بکردایە. لەو ڕۆژانەی کە تێ دەپەڕی لە باوکمدا چاک بوونەوەی لە بەرچاو دەبینرا، باوکم و مامم و داپیرەم بەیەکەوە لە باڵکۆنەکە دادەنیشتن و بە چەند کاتژمێر قسەیان دەکرد، ھەندێک کات ئێمەش بەشدارییمان لە دانیشتن و قسەکانیاندا دەکرد.
باوکم و مامە جەیمس بیرەوەری منداڵییان باس دەکرد و پێ دەکەنین، ھەردووکیان دەتوت دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ڕۆژانە، لە چاویاندا پاکی منداڵی دەبینرا، کاتێک باسی ڕۆژانی لاوێتی خۆیانیان دەکرد، جۆش و خرۆشی ئەو کاتە لە پێکەنینەکانیانەوە ھەستی پێ دەکرا، ھیچ لە یەکتر جیا نەدەبوونەوە، تەنانەت پارووە نانێکیشیان بەش دەکرد. جارێکیان باوکم بە کۆکردنەوەی پارەی ڕۆژانەی شەش مانگی توانی بە دیاری کراس و پانتۆڵێک بۆ مامە جەیمس بکڕێت، منیش زۆر حەزم دەکرد گوێ بیستی بیرەوەرییەکانی ئەوان بم....
YOU ARE READING
چاکەیەکی قورس و گران
Short Storyباس لە کوڕێک دەکات کە باوکی نەخۆشە و خێزانەکەی ھەوڵ دەدەن بۆ چارەسەرکردنی.