٤

35 23 25
                                    













لە تەک لاشەی کچەکەم کەوتمە سەر چۆک، هێواش کچەکەم کردمە ئامێزەوە...من دەریای ئیسرینم ڕژاند و ئەویش خوێن، لە بن گوێی کچەکەمەوە دەدوام وەک ئەوەی بزانم وەڵامم دەداتەوە، وتم:
ماهی،...ماهی؟! کێ تۆی لە باوکت کرد؟!
کێ تۆی خەواند؟! کێ تۆی بە دونیای مردووی سەپاند؟!!!

ڕۆچووم لە ئۆقیانوسی بێدەنگی و کچەکەم هەڵگرت، تاکە کەس لەم گوندە چەکی هەبێت ئاغایە کە بۆ ڕاو بەکاری دێنێت، قاچەکانم لە زەویەکە جیاکردەوە و شەقاوم هاویشت خوێنیش بە جلە سپیەکەم هاتبووە خوارەوە، ڕۆیشتم وەک مردوویەک کە مردوویەکی هەڵگرتووە بە ناو ئاوایی...گشت خەڵکی بە سەرسامیەوە لێم ڕاما بوون، خەڵکم لا گرنگ نەبوو ڕۆیشتم و نەوەستام...تا گەیشتمە بەردەرگای ماڵی ئاغا کە بۆ هەموو کەس واڵا بوو، بە لاشەی کچە مردووەکەمەوە خۆم کرد بەناو دیوەخانی ئاغا...، ئاغا هەستا سەرپێ سیمایی شاهێدی دەدا بۆ ئەو کارە، بە چاوی پڕ فرمێسک و قوڕگی پڕ گریانەوە دڵی پڕ بوغزەوە بە بەرزی وتم:
کێ جەرگی سوتاندم؟! کێ بێلانەی کردم؟!
کێ سەرگەردانی دونیای کردم؟! کێ وای لە جگەرگۆشەم کرد؟!

ئاغاش بە هەنگاوێکی نا پێشەوە، بە وشەی درۆینانەوە بەهەر شێوەیەک ویستی ڕاستی بشارێتەوە وتی:
بەڕاستی ئەوەی ڕوویدا کارەساتە...هاوخەمتم لە مەرگی کچەکەت دڵنیابە دەیدۆزینەوە بە سزای خۆی دەگەینین خودا گشت تاوانبارێ بە سزای خۆی دەگەیەنێت!!

بێ دەنگ بووم و سەرم خستەوە ناو سینەی پڕ بوغزاویم، ئەویش وەک هەرتاوانبارێکی تر خۆی دەشارێتەوە لە تاوانی، تنۆکەی فرمێسکم کەوتە سەر لاشەی ماهی...ئەوکاتە هەستم بە بێدەسەڵاتی و لاوازی خۆم کرد، بە ئازار و خەمەوە هەناسەیەکی قوڵم هەڵمژی لە ناو دڵم وتم دەڕۆم!!...دەڕۆم نوێژ لەسەر لاشەی کچەکەم دەکەم...بەڵام بزانە...بزانە ڕۆژێک نوێژ لەسەر لاشەی تۆش دەکەم!!!
ڕووی خۆم وەرگێڕا...داوام لە خودا کرد،
چۆن پشتم لێی کرد ئەویش پشتی لێ بکات، گەیشتمە مزگەوت خۆر لە زەردەپەڕدا بوو...ماهی منیش وەک ئەو خۆرە ڕۆیشت، هیچ کەسێک لە مزگەوت نەبوو هەمووان لە ترسی ئاغا لە ماڵی خۆیان بوون نەکا ئاغا بوغزیان لێ هەڵگرێت، برازاکەم و هاوسێکانم لاشەی ماهیان برد تا بیشۆن و کفنی بکەن، بەر لەوەی نوێژ لەسەر لاشەی ماهی بکەم بە گەرووی پڕ فرمێسک و خەمەوە بانگی مەغریبمدا جارە جارە دەوەستام لە بانگ..دوبارە دەستم پێدەکردەوە، خەڵکی ڕۆژوویان شکاند تەنها من نەبێت لەجیاتی ئاو ئەسرینی خۆم خواردەوە، لە کوچەیەکی ئەو ناوە دانیشتم و قاچەکانم ڕاکشاند، لە ئەرزەکە ڕامابووم و تنۆکەی ڕۆنتکم ڕشت، هەمان ئەو کوڕە بچووکەی هەواڵی مەرگی ماهی بۆ هێنام هاتە لام و وتی:
بینیم کە ئاغا میر دادە ماهی کوشت! مامۆستا خودا حەقی تۆ دەکات! مەگری!

هەر بە بێدەنگی مامەوە و فرمێسکم ڕشت تا ڕیشم گشتی تەڕ بوو...منداڵەکە هیچی لەدەست نەهات و گەڕاوە ماڵ، کە لاشەی ماهیان بۆ هێنام لەتاوا سیمام وەک کفن سپی هەڵگەڕا وەک ئەوەی فریشتەی گیانکێشان بێت، بە قاچی لەرزۆکم هەستامەوە دەستم کرد بە نوێژی مردوو، من و دوو پیاوی تر نوێژمان کرد...کەسێ نەبوو نوێژمان لەگەڵ بکات...کچی من شایەنی ئەو زوڵمە نەبوو شایەنی ئەو مردنە نەبوو، سەلامم دایەوە و لە ژێر لێومەوە شەیتانم بە نەفرەت کرد، خودا ویستی لەسەر بووە بەمشێوەیە بمرێت منێکی بێدەسەڵاتیش هیچم لە دەستنایە، لەگەڵ دوو پیاوەکەی تر کە هاوسێم بوون ڕۆیشتین تا ماهی بنێژین لەتەک گۆڕی دایکی خوا لێخۆشبووی، پاش لە گۆڕنانی بە دەستی لەرزۆکم خۆڵم بەسەریدا کرد، بێدەنگی تاقەتی لێبڕیم ئەوەی لە دڵمدا بوو ڕشتم، پڕ بە دڵ هاوارم کرد و گریام خۆڵی سەر گۆڕیم بەسەرما کرد، دوو پیاوەکەیتر جگە لە گریان و بەزەیی پێهاتنەوە بە من هیچیان لە دەست نەهات، ئەو گریان و هاوارەی بۆ نازەنینم کرد زۆر خراپترم بۆ ماهی کرد، دەنگی هاوارم گەیشتە گوندەکە بەڵام جگە لە خودا و ئەو دوو پیاوە کەسی تر لەلام نەبوو، بەیانی لە کوچەیەکی ماڵە بەتاڵ و تاریکەکەم ئەسرینم ڕشت و خەڵکیش جەژنیان بوو،...تەنانەت پرسەشم دانەنا و نەچووم بۆ بانگ، خەڵکی دەیانزانی و بێدەنگ بوون ئەوان لە مەرگی کچا لەگەڵم نەبوون چ پێویستە ئێستا لەگەڵم بن...هەرچیەک بێت خودام بەسە تا دڵم ئارام کاتەوە، کوڕێکی مێرمنداڵ لە دەرگای ماڵی دام پێی وتم بۆ ئیمڕۆ بانگ نادەم، پێم وت ئیتر مەلای ئەم گوندە نیم و لە جێگای من بانگ بدە، مرۆڤ کە ڕقی لە شوێنێک بێت جێی دێڵێت منیش وەک هەر مرۆڤێکیتر وام کرد، ڕۆیشتم...لەبەر خۆمەوە وتم:
دەڕۆم تا خوا حەقم دەکات!

ڕۆیشتم بۆ گوندێک کە هاوڕێیەکمی لێبوو، وەک برام وابوو خوێندنی فەقێیەتیمان بەیەکەوە تەواو کردبوو، لەوێ کارێکم دەست کەوت و مەر و ماڵاتم بەخێوکرد، هەمیشە بێدەنگ و بێ خولق بووم...خەمیش میوانی گشت ڕۆژێکم بوو، شەیتان بۆسەی بۆ دانام تاتۆڵەی جگەرگۆشەم بکەمەوە بەڵام فێڵەکەی بەسەرماو زاڵ نەبوو، ئەو زاتە دڵمی بە ڕووناکی چاوەڕوانی پڕ کرد و چاوەڕێی تۆڵەی خودا بووم، ڕۆژەکان ڕۆیشتن و خەمیش زیاتر پیری کردم، ڕۆژێ نیازم بوو بگەڕێمەوە گوندەکەم چونکە بیری ڕۆڵەی مردووم و هاوسەری خوا لێخۆشبووم کرد، هەرکە قاچم خستە ناو گوندەکەوە و پیاوەکانی ئاغا منیان بینی بە ڕاکردنەوە بەرەو ڕووم هاتن، یەکەمجار وامزانی هێرشم دەکەنە سەر بەڵام هەر زوو یەکێکیان وتی:
ئاغا مردووە دەمانەوێ نوێژی لەسەر بکەیت!! هیچ کەسێک لە تۆ باشتر نیە!!، تکایە!!

چاوەکانم پڕ بوون لە ئەشک نەک لەبەر ئاغا بەڵکو لەبەر فەزڵ و گەورەیی خودا، کتوپڕ هەرلەوێ چۆکم لە ئەرزدا و نیوچەوانم تەخت کرد بە زەویدا، پر بە دڵ گریام و سوپاسی ئەو زاتەم کرد کە منی لە زەریایی دادپەروەری خۆیدا شەرمەزار کرد، منی لە چاوەڕوانی نەجاتدا و میهرەبانی خۆی دەوروخولی دام، منێک کە ڕۆژێ گومانم کرد لە دادپەروەری ئەو زاتە ئێستاش بە شەرمەزای چۆکم داوە بە ئەرزا، ئەوسا قسەی نێردراوی خودام بیرکەوتەوە کە فەرمووبووی(چاکە لەگەڵ ئەو کەسانە بکەن کە ستەمیان لێکردوون)، پاشان دوو پیاوی ئاغا خۆیان نزم کرد بۆم و منیش وتم:
قەسەم بە خودا منیش میهرەبانی دەنوێنم وەک چۆن ئەو زاتە میهرەبان بوو لەگەڵم! بابرۆین نوێژی مردوو بکەین!

نوێژی مردوو کرا کە تەنها خۆم بووم نوێژم لەسەری کرد، چونکە هێندەی زوڵم لە خەڵکی کردبوو نەیانویست نوێژی لەسەر بکەن، بەڵام من کردم...سەلامم دایەوە و لە دڵی خۆمدا وتم نوێژ لەسەر لاشەی تۆش دەکەم...
هەر ئەو زاتە بوو قسەکەی گەیاندنمە جێ!!
ئیدی دوای ئەو ڕۆژە ئازادیەک و خۆشیەک ڕووی لە گوندەکە کرد، زوڵم و زۆرداری ڕێچکەی وێڵ بوونی گرت، منیش ڕۆژ نەبوو بە شەرمەزاریەوە ڕۆژەکەم نەکەمەوە کە چۆن بە پەشیمانی لەبەردەم عەڕشی خودا بوەستم، لەم ماڵە بەتاڵ و پڕ یادگاریە بە نوێژ و دەنگی قورئان ئاوەدانم کردەوە، پێش نوێژیم بۆ مردووی خۆم و گشت خەڵکان کرد وە ئێستاش چاوەڕێم بزانم دوای مردنم کێ دەبێتە پێشنوێژیکەر.

لەگەڵ ئەو وشەدا کۆتاییم بە چیرۆکی ژیانم هێنا، بە سیلەی چاو تێڕامام لە مەردی برازام کە بەدەم گریانەوە کۆتا دەقی چیرۆکەکەمی نوسی و کتێبەکەی داخست، هەناسەیەکی قوڵی هەڵمژی و فرمێسکی سڕی، کتێبەکەی دایە دەستم و بە هێمنی پێم وت:
مەرد دەتوانی کەمێک بەجێم بێڵیت؟!!

بە دەنگی پڕ گریانی وتی:
بەڵێ، بەڵام پێش ئەوەی بڕۆم دەمەوێ بڵێم...گەر ڕۆحت گەیشتەوە لای خودا ڕێم بدە..من لەسەر لاشەی مردووت...
پێش نوێژی بکەم!!

بزەیەکم کرد و بە ئەسپایی وتم:
إِنْ شَاءَ اللّٰه

ئەو ڕۆیشت و کتێبەکەم لەسەر سینەم دانا هەرئەوساتە گوێم لە دەنگی زێڕینی بانگ بوو، ئەو دەنگەی لە خۆشیدا گشت مرۆڤێ ئاوەژوو دەکات، ئەو وشانەی ڕێگەی ئیمانت پیشان دەدەن، ئەو خودایەی گەورەیی خۆی بەبەڵێنەکانی دەنوێنێت، لە ژێر لێومەوە بانگەکەم دووبارە کردەوە و وتم:
خودا گەورەترینە!!
















﴿کۆتایی﴾

You've reached the end of published parts.

⏰ Last updated: Jun 19 ⏰

Add this story to your Library to get notified about new parts!

﴿دواهەمین بانگ﴾✓Where stories live. Discover now