ayli1nn
من لێرەم، لە نێوان لێشاوی وشە بێ ماناکان و ئەو هەموو ژاوەژاوە ڕووکەشانەی ناوی نراوە چیرۆک، تەنها بە سەرسوڕمانەوە دەڕوانم. لە نێو لاپەڕەکانی واتپاددا، گەشتێکم کرد و بینیم چۆن مێگەلی خەیاڵە باوەکان و ڕستە بێ سەروبەرەکان بوونەتە قیبلەی بینەران! پێکەنینێکی تاڵ گەرووم دەگرێت کاتێک دەبینم هەرزەبهایی بازاڕی گەرمە، لە کاتێکدا من، هەموو شەوێک وەک زێڕینگەرێکی وردبین، پارچە پارچەی ڕۆحم دەخەمە نێوان دێڕەکانم و بۆ تاقە وشەیەک، خەو لە چاوەکانم دەتۆرێنم، پێنج خوێنەر؟ یان ڕەنگە هیچ؟ ئەمە بۆ من گرنگ نییە. چونکە من وەک ئەوان نانووسم کە تەنها بۆ ئەوەی ببینرێن دەنووسن من دەنووسم چونکە نووسین دەروونم لە خنکان ڕزگار دەکات. من سەربازێکی ونم لە جەنگی وشەدا، کەس شکۆم پێ نابەخشێت، بەڵام من لە نێو قەڵای خەیاڵەکانی خۆمدا پاشام ، ئازارێکی بێدەنگ لە دڵمدا نیشتووە کاتێک دەبینم ڕەنج و ماندووبوونم بێ پشتیوان ماوەتەوە، چونکە هەر داهێنانێک پێویستی بە دەستخۆشی و ئاوڕدانەوە هەیە. بەڵام من کۆڵ نادەم و لە ڕێگاکەم بەردەوام دەبم دڵنیام و بڕوایەکی تەواوم هەیە کە ڕۆژێک دێت، ئەم نووسینانەم دەبنە دەنگێکی کپی نەبیستراو و لە لوتکەدا دەدرەوشێنەوە. هیوام هەر ئەوەیە!