٢٣

715 157 52
                                    












ئەو ئێوارەیە دەنگی لێزمەی بارانەکە کە بەر سەقفی مارکێتەکە دەکەوت و دەنگی دەدایەوە، لەگەڵ دەنگی ئەو ئامێرەی کە کاشیەرەکە بەکاری دەهێنا بۆ دیاریکردنی نرخەکان کە لەسەر کۆمپیوتەرەکەی نرخەکەی پێ نیشان دەدا، وردە وردە دەنگیان بەرەو کپی دەڕۆیشتن لە گوێیەکانمدا، چونکە خەیاڵم بە تەواوەیی چوویە شوێنێکی
تر و لە سەرسوڕمان و بڕوا پێنەکردن بە چاوەکانم و هەروەها پێشبینی نەکردنی ئەم ساتە نقوم بووم.

مۆبایلەکە بە دەستمەوە جێگیر مابوویەوە و چەند جارێک زیاتر ئەو نامەیەم خوێندبوویەوە کە ناردبووی.

ئیلیاس.....؟


کۆتا ناو بوو کە بیرم لێی کردبێتەوە،
دەی هەر خۆی ملیۆنەها ناو هەیە لە جیهاندا،
جگە لە ئەوەش کە ناوی ئیلیاس هەر خۆی لە سلۆڤاکیا زۆر هەبوو، بەڵام کە ناوی خۆی پێم گوت دەرفەت بوو وە هەروەها ڕێ خۆشکەر بوو کە ڕووخساری ئەو بە تا ڕادەیەک وەک ئیلهامێک بە ڕوونی بێتە خەیاڵم کە دەبێت شکڵی چۆن بێت.
هەرچەندیشە بۆ ساتێک هێنامەوە یادی خۆم کە ئەو ڕووخسارەی کە لە خەیاڵمدا دروستی دەکەم ڕاستی نییە، وە هەروەها شەرت نییە ئەوانەی کە ناویان ئیلیاسە هەموویان لە یەکتر بچن، یان هەر ناوێکی تر.

واتە، ئەها کاتێک کەسێک کە تا ئێستا ڕووخساری خۆی پێت نیشان نەداوە، بەڵام کە ناوی خۆیت پێ دەڵێت لە ئینتەرنێت، مێشکت لە وەڵامدا یەکسەر ڕووخسارێکی تایبەت دروست دەکات کە لە ئەو ناوە بوەشێتەوە و وەک خەیاڵێکی یارمەتیدەر بەرجەستەی دەکات تا ڕزگارت بکات لە سەرلێشێوان.



هیچ وەڵامێکم نەدایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئیلیاس، دوای ئەوە هیچ نامەیەکی تری نەنارد.

هەستم بە توڕەیی و جدی دەکرد لە وشەکانیدا، لەگەڵ جۆرێک لە ناچاری و خۆبەدەستەوە دان.

خۆم نەگرت و زەردەخەنەیەکم کرد بە دزیەوە چونکە نەمدەویست دەوروبەرەکەم هەستی پێ بکەن.

تەنانەت کە لەگەڵ دایکم عەلاگەی کەلوپەلەکانم هەڵدەگرت و بەرەو ماڵەوە دەڕۆیشتین هێشتا خەندەم دەکرد و خەیاڵم دەکردەوە.

لە ماڵەوە پێداویستییەکانمان دەخستە شوێنی خۆی و کاتێک دایکم دیقەتی دام وتی،

"چییە ئەو هەموو خەندە و پێکەنینە؟"


هاتمەوە هۆش خۆم و بە چاوی زەق و وریاوە بۆ ساتێک سەرنجم دا،
"هیچ."

"لەو کاتەوەی هاتووینەتەوە هیچ ناڵێیت و وەکو شێت خەندە دەکەیت کەیڵا."

ئەوەی وت و کەمێکی تر سەرنجی دام، دواتر کە زانی هیچم نییە بۆ وتن ئیهمالی کردم و بەردەوام بووین لە کارەکانمان.





گەرماوێکم کرد و هەروەک ئەوەی چاوەڕێم دەکرد، لەوێش هەر بیرم لە ئەو شتە چاوەڕواننەکراوە دەکرد کە ڕوویدا.

|| جاسووس ||Where stories live. Discover now