جارێک بۆ ئاسمانێکی بێ باران گریام
بێ ئاگا لەوەی ئاسمانی خۆم لەمێژە دڵی بارانی هێشاندووە
جارێک بۆ زەردەخەیەکی تۆراو گریام
بێ ئاگا لەوەی لێوەکانم بوونییەتی ئەویان لەیادکردووە
بۆ پارێزراوی ئەو نزام کرد
بێ ئاگا لەوەی پارێزراوی جیهانەکەم لەمێژە لەناو براوە
خەمم خوارد بۆ لێوی قڵیشاوی زەوییەکی وشک بوو
بێ ئاگا لەوەی زەوی وشکی لێوەکانم کانیاوی خوێنیان هەڵقوڵاندووە
ئازارم چەشت بۆ ئەو مانگەی ڕووناکییەکەی کز بووە
بێ ئاگا لەوەی مانگی من سەردەمانێکە ڕەش بووە
لەهەوڵی چاککردنەوەی درزی دیواری جێنشتنگەی بێگانەیەکدا
بێ ئاگا بووم جێنشتنگەی خۆم لە چوار لاوە داڕماوە
بێ ئاگابووم کاتێک
دروشمی(من خۆری ئەم جیهانەم)
گۆڕا بۆ
(هەتاوێکم بەبێ ئاسۆ)
بێ ئاگا بووم کاتێک
لەبوونێکی نەرمینەوە
بووم بە
بوونێکی بەردین
لەبوونێکی ڕاست بینەوە
بووم بە بوونێکی نابین
لەبەهەشتێکی گەشبینەوە
بووم بە دۆزەخێکی ڕەشبین
لەخەندەی زاری ژینەوە
بووم بە گاڵتەجاڕی ئەوین
لەباخچەی وەردینەوە
بووم بە زەوییەکی پڕ مین
هاوارێک ئەکەم
پڕ بە سییە هەوا لێ بڕاوەکانم
لەلێواری گردی خۆکوژیمەوە
ئەڵێم:-
ناوەستم،ناوەستم
ئەمڕۆش خاڵی وەستان
بۆ ئازاری ناکۆتام بەدەستەوە نادەم
چوونکە
کۆڵنادەم،کۆڵنادەم
لەم جەنگی یەک بەرامبەر ملیۆنەدا
ئەوە منم هەرگیز کۆڵنادەم
چوونکە منیش جارێک
ملیۆنێک بووم لە یەک دا
![](https://img.wattpad.com/cover/364043453-288-k197522.jpg)
YOU ARE READING
。・°°・(لە دڵەوە)・°°・。
Poetryئەو وشانەی لە دڵ و ڕۆحمانەوە سەرچاوە ئەگرن بەڵام زارەکانمان لە دەربڕینیان ئەترسن جا ترسێک لە نابوێریدا یاخوود بەهۆی ئەوەی نەتوانین مافی تەواوەتی خۆیانیان پێ ببەخشین هەر بۆیەش دەست و پەنجەکانمان ئەخەینە گەڕ تاوەک بتوانین لەڕێگای نووسینیانەوە گەر کەمێ...