ئاهـ هەستێکی سەیرە هاتنەوە ئێرە.. هەفتەیەک دەبێت دەمەوێت بێمەوە ئێرە، زۆر خەمبارم بە جێهێشتنی ئەم گۆشەیە.. دواتر وتم بۆچی بڵێم 'جێمهێشتووە' کاتێک هەمووکات دەتوانم بۆی بگەڕێمەوە ^^گەر تۆ نوێیت بۆ ئێرە، بەخێربێیت. تکایە ئاگاداربە کە ئێرە تەنها بۆ من نییە قسە بکەم و ئێوە بخوێننەوە، ئێرە گۆشەی گفتوگۆی ناخە درەوشاوەکانە، بۆیە ئەوەی لەدڵتانایە بینوسن و پێکەوە گفتوگۆ دەکەین.
سەرەتا سڵاوتان لێبێت درەوشاوەکانم، ئەزیزانم.. نازانم گەر لێرە ماون یان نا، بەڵام ئەم نامەیە لێرە بۆ هەموو ئەوانەیە کە ڕۆژێک سەیرێکی ئەم کتێبەیان کردووە و بەشێک لە بیرکردنەوەکانمان پێکەوە بەشکردووە.
ژیان چۆن تێدەپەڕێت لای ئێوە؟ چیتان کردووە بە چی؟ لەگەڵ خوێندن گەیشتوون بە کوێ؟
من خۆم لەسەر خێر ئەمساڵ کۆتا ساڵی زانکۆم دەبێت چونکە خوێندنەکەم پێنج ساڵە..
قسەی زۆر لەدڵمە باسی لێ بکەم، بەڕاستی ماوەیەکی ترسناک بوو الحمدلله تێمپەڕاند، نەخۆشی دەروونی زۆر.. نەهامەتی زۆر.. ڕاستە ئێوە سەرکەوتنەکانتان لەبیرماوە وەک "ئەو توانی نمرەی باش بهێنێ لە ئامادەیی" "ئەو وتی خەونم دەرمانسازییە و دوای چەند مانگێک وتی وەرگیرام لەو بەشەی خەونم پێوە دەدی"
بەڵام وەک هەمیشە سەردێڕی بابەتەکان دەکرێت ڕاستی تاریکیان لەپشتەوە بێت.. شانازی بە خۆمەوە دەکەم کە گەیشتووم بەم ڕۆژە دەتوانم بڵێم ئێستا دەزانم کە کێشەکانم چۆن چارەسەر بکەم.. چونکە هێشتا هەر کێشە زۆرە لە ژیانم وە دەشزانم بۆ هەمووان بەو جۆرەیە.
بەشێک لە گەشتی بەرەو 'سارا'یەکی باشتر ڕۆیشتن بریتی بوو لە وەستاندنی زۆربەی زۆری خولیاکانم.. ئەو سارایەی ئێوە بەس بە ناو دەیناسن سەر دەکاتە هەموو کونێکەوە هههـ
هەر لە منداڵییەوە حەزم بە شیرینی دروستکردنبوو،
دواتریش حەزم بە چێشتلێنان کرد..
پاشان حەزم بە خوێندنەوەی چیرۆک کرد،
پاشان ڕۆمان
پاشان شیعر و شانۆگەری
پاشان زانست
ئێستاش کتێبی دەروونناسی (چونکە گەر خۆت خۆت تیمار نەکەیت هەرگیز برینەکانت ساڕێژ نابن)
دواتر حەزم بە نوسین کرد
نزیکی چەند ساڵێکە حەز بە وێنەکێشان دەکەم
ئەمەیان لە خولیاش ناچێت بەڵام هەمیشە لە ناخی ڕۆحمەوە حەزم بە گۆرانی بووە.. پێ دەچێت زیاد لە ئاسایی چونکە نزیکی زیاد لە ٢٠ لیستی گۆرانیم هەیە کە هەندێکی سەروو ٨٠٠گۆرانی تێدایە🥲
ئەوەشیان کە هەموو خەڵک حەزی پێیە، فیلم و دراما..با لە بابەتی سەرەکی لانەدەم، هەموو ئەمانە بەشێک بوون لە من، وە بوونی ئێوەش بەشێک بوو لە من. بەڵام دواتر کەوتنە نێو ڕووداوی ناخۆشی یەک بەدوای یەک، بەبێ ئاگاداری خۆم یەک بە یەک دووردەکەوتمەوە لەو لایەنانە.. سەرقاڵییەکی زۆر و کێشەی زۆر..
بەبیرتان دێت چەندە دەمگوت کاتی بۆ دەدۆزمەوە و دووبارە دێمەوە لاتان؟ لە هەمووی دیارتر کە دوای دیارنەمانی ماوەی چەند ساڵێک لە ٢٠٢٢ وتم نا کاکە وانابێ من دێمەوە لای درەوشاوەکانم.. هەوڵێکی زۆرمدا بەڵام ئەوکات دەروونم بەقوڕاچوو.. تێپەڕکردنی ڕۆژانێک کە هۆکارێکم نەبوو لەنێو جێگاکەم هەستم، تەنانەت هۆکارێکم نەبوو کە بژیم.. هیوادارم کەستان هەمان هەستتان بۆ دروست نەبووبێت هەرگیز، بەڵام گەر هەستتان پێی کردووە با پێکەوە تێیبپەڕێنین :)
زۆر جار دەگەڕامەوە و کۆمێنتەکانی سەر بەشی 'بۆچی لێرە نەمام؟'م دەخوێندەوە.. ئێوە زۆر شیرینن.. ئێوە زۆر ئەزیزن.
بەڵام ئێستا کە بیری لێ دەکەمەوە زۆر خراپ لە خۆم توڕەبووم وە لە کردەوەکانی ئەو کاتەم، زۆر بەڕاستی دەمویست واتپادەکەی جاران بۆخۆمان دروستبکەینەوە، ئاسان نییە بۆ من ماڵئاوایی لێرە بکەم. دەزانم بۆ زۆربەتان وایە.
بۆیە ویستم بگەڕێمەوە، بەڵام لە کاتێکی هەڵە بەپێی کاتژمێری ژیانم، بۆیە سەرینەگرت.. وتبووم کە کۆتا هەوڵ دەبێت.. بەڵام پێم قەبوڵ نەدەکرا هەمووتان بەو جۆرە جێبهێڵم.. ئەمجارە لەبری پۆست کردنی بۆ ئێوە لە دڵی خۆمدا بەڵێنمدا..
خۆشبەختانە دەتوانم بڵێم سەرکەوتووبووم.. گەرچی دڵنیانیم کە ئەم قەڵایەی من لە هاوین دروستمکردووەتەوە بەرگەی ئاستەنگی زستان دەگرێت یان نا.. بەڵام دەتوانین هەوڵبدەین، گەر هەوڵنەدەین سەرناگرێت، بەدڵنیاییەوە.
ئەو کتێبەی ئێستا لێی بڵاودەکەمەوە تا کاتی دەستپێکی دەوامی ئەمساڵی خوێندنگەکان کۆتایی پێ دێت، چەند کتێبێکی نوێم هەیە کەم کەم چەند بەشێکی ئامادەیە نازانم کە کامیان بڵاودەکەمەوە دواتر یان چۆن و چی دەکەم.. بەڵام دەزانم کە ئێرە جێناهێڵم بە پشتیوانی خودا و ئێوە.
ئامادەن ئەو بەڵێنەی لەمێژە دابوومان ئێستا بیخەینە کار؟ ئامادەن گۆشەیەکی ئارام بۆ خۆمان بخوڵقێنین لەنێو ژاوەژاوی جیهان؟
ئامادەن بۆ کتێبی ئاڵۆز و قوڵتر بە زمانی کوردی پەتی؟ 👀
گەر بەڵێ، تکایە لەگەڵمدا بن. وە هاوڕێ کۆنەکانتان بهێننەوە.. ئەمجارە بانگەشەکەم دواخست بۆ دوای سەرگرتنی پیلانەکە ههه.
هەروەها بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکردن لێرە بەدڵنیاییەوە 🥺
لەوانەیە لە بەشەکانی داهاتووی گۆشە بێدەنگەکەمان لەسەر نەخۆشییە دەروونییەکان بدوێم بۆتان، گەر بابەتێکتان پێ خۆشە بیکەینە تەوەرەی گفتوگۆ بێ دوودڵی پێم بڵێن، لێرە بێت یان بە نامە لە ئینستاگرام.
بەهیوای دیدارێکی نوێ لەگەڵ ئێوە ئەزیزانم، ئەمە ماڵئاوایی نییە.. بەڵام ئاگاداری خۆتان بن.
ئێستا دەتوانم بڵێم گەڕامەوە.
YOU ARE READING
My Quiet Corner || Sarah
Randomگەر بێزاریت لە جەنجاڵی دەوروبەرت وەرە ئێرە.. لێرە دەنگە دەنگ بوونی نییە. " چیرۆک نییە تەنھا گۆشەیەکە تایبەت بە من و ئەستێرەکانم و بیرکردنەوە بێ پایانەکانم "