ڕۆژی دوای خۆکوشتنم

36 6 13
                                    


ڕۆژی دوای خۆکوشتنم بوو، ئارامییەک لەنێو ناخمدا دروستبووبوو، بەڵام ئەو قورساییانەی کە چاوەڕوان بووم لەسەر شانەکانم لابچن هەر لەوێ بوون..

مەگەر نەدەبوو ئەمە کۆتایی گەشتەکە بێت؟ مەگەر بڕیار نەبوو هەموو خەم و نیگەرانییەک لێرەدا بەکۆتایی بێت؟

وێنەی دایکمم لەپێش چاو بوو، لە ژوورەکەی من لەسەر زەوییەکە دانیشتبوو، کۆمەڵێک قوماشی تۆپەڵی بەدەستەوە بوو، تێکەڵەیەک لەو چەرچەفەی پێی دەخەوتم، ئەو لەچکە خۆڵەمێشییەی لەگەڵ زۆربەی جلەکانم لەبەرم دەکرد، ئەو بلوسە خورییەی توکی هەڵدابوو بەڵام هەرچەندە جلیم نوێم بکڕیبا هەر ئەوم لەبەر دەکرد.

هەموویانی تۆپەڵ کردبوو، وەک هەمیشە دەستەکانی و سەری دەلەەزین کە زۆر خەمبار دەبوو، ئەو تۆپەڵە قوماشەی بەکاردەهێنا تاوەکو هاوارەکانی پێ بخنکێنێت، فرمێسکەکانی پێ بسڕێت، وە زۆر بە قوڵی بۆنیان بکات.. ئەوە یەکەم جار بوو هەست بکەم بەو ڕادەیە خۆشەویست ببم لەلای، هەمیشە دەمزانی منی خۆشدەوێت نکۆڵی لێ ناکەم، بەڵام ئەمە یەکەم جار بوو هێندە هەست بکەم ناوجەرگی دەکوڵێت، خۆم پێ نەدەگیرا کە نەگریم، بۆچی دەبێت بەمەدا تێبپەڕێت؟ مەگەر بەشی پێویست نەهامەتی نەچەشتووە؟

ڕۆژی دوای خۆکوشتنم بوو، باوکم لەنێو خێمەیەکی کەمێک کۆن بە پێوە وەستابوو، خزمان و دراوسێ و ناسیاو و نەناسیاو دەهاتن، یەک بە یەک سەرخۆشیان لێ دەکرد، ئەویش بە هێمنی لەجێی خۆی وەستابوو، بە سەری ئاماژەی بۆ دەکردن لە وەڵامدا بەڵام دەنگی نەدەبیسترا، جار جار نێو چاوەکانی پڕ دەبوو، ئەو پیاوەی هەمیشە وەک شاخێک وەستابوو ئێستا دوو وشەی پێ نەدەگوترا، تەنها سەیرکردنی نێو چاوەکانی هەزارەها چیرۆکیان دەگێڕایەو.

جار جار بزەیەکی دەکرد و دەوروبەری بە ترس و تێنەگەیشتنەوە سەیریان دەکرد، بەڵام من پێکەنیم کە بینیم، دەمزانی یادگارییەکانی منداڵی منی لەبیردێتەوە، منیش بەدەم گریانەوە پێکەنیم، بەڵام دواتر زۆر بە کوڵ گریا، ناخم هەژا.. هێندە بیری من دەکات لە ئێستاوە؟ بەڵام بۆچی دەبێت بەمەدا تێبپەڕێت؟ مەگەر بەشی پێویست نەهامەتی نەچەشتووە؟

ڕۆژی دوای خۆکوشتنم بوو، برا گەورەکەمم دەبینی لەنێو سەیارەکەی دانیشتبوو، شەوی ڕابردوو شەڕێکی گەورەمان کردبوو، زۆر لێم توڕەبوو و زۆر هاواری بەسەرمدا کردبوو بەڵام ئێستا هەر زۆر بێدەنگ بوو، بیرمنایە کەی بوو کۆتا جار بەو بێدەنگییە بینیبێتم.

دەزانم کە ئێستا لۆمەی خۆی دەکات، دیارە بەو چاوانەیدا کە سەیری یەک خاڵی پێ دەکات، ماوەیەک دەبێت من سەیری دەکەم بەڵام چاوی ناتروکێنێت، دەڵێیت لێرە نییە..

دەڵێیت لۆمەی خۆی دەکات، گەر دوێنێ شەو لەبەر هۆکارێکی بێ مانا شەڕی لەگەڵ نەکردمایە، گەر بەو جۆرە هاواری نەکردایە.. تۆ بڵێی هيشتا من لەژوورەکەم نوستبام؟ گەر قسەی ناخۆشی پێ نەگوتمایە تۆ بڵێیت ئێستا بەم جۆرە پەشیمان نەبووایە؟ تۆ بڵێیت بتوانێت بەرگەی قورسایی ئەم پەشیمانییە بگرێت بە درێژایی ژیانی؟ پرسیاری زۆری بێ وەڵام، بەڵام تەنها لەوێ دانیشتبوو نە هزر و نە هۆشی لێرە نەبوو، تەنها بە بێدەنگی و بەبێ چاو تروکاندن فرمێسک بە ڕوویدا دەهاتە خوارەوە.

You've reached the end of published parts.

⏰ Last updated: Oct 07 ⏰

Add this story to your Library to get notified about new parts!

My Quiet Corner || SarahWhere stories live. Discover now