خەم

348 62 47
                                    


سڵاو ئەستێرەکانم، زیاد لە مانگ و نیوێک دەبێت لێرە ئێوەم نەبینیوە.. دووریم لە ئێوە شتێک نەبوو ئاواتی بۆ بخوازم وە شتێک نییە بە ویستی خۆم بێت.

بابەتی ئەمشەومان سەیر نییە بەلای زۆربەتانەوە یان باشترە بڵێم ھەمووتان، چونکە ھەستێکە کەس لێی بێ بەری نییە ھەمووان دەیچێژن و ھەمووان ھەست بە تاڵییەکەی دەکەین بەڵام دەرباز بوون لێی ئەستەمە..

ئەوە ناکرێت، شتێک نییە لێی ڕابکەیت.. بۆ ھەرکوێ بڕۆین ھەمیشە وەک سێبەر لەگەڵت دێت بۆ ھەر گۆشەیەکی ئەم گەردوونە ڕابکەیت ئەو ھەر دێت، ھەر بەدوات دەگەڕێت و ھەر دەتدۆزێتەوە.

زۆر کەس وادەزانن گەر چاوشارکێ لەگەڵ خەم بکەن، گەرێ بڵێن تۆ لێرە بوەستە من دێمەوە و دواتر بێ بەزییانە پشتی تێ بکەن و بە ھەموو توانایان بەرەو خۆشبەختی ڕابکەن.. ئەوا لە خەمباربوون ڕزگاریان دەبێت و پەژارە نایاندۆزێتەوە، نازانم بە خاوەن ئەو بیرۆکانە بڵێم سادە یان گەمژە..

بەڵام نا ئەوە ھەرگیز ڕوونادات چونکە ئەمە ژیانە و دەبێت تاڵ بێت، ئاخر کێشەی ئەو کەسانە ئەوەیە تێناگەن تاڵی جوانە.. تێناگەن ھەموو کات شتە پرشنگدارەکان جوان نین ھەندێک کات تاریکی جوانە و ڕووناکترە لە خودی ڕووناکی خۆی.

ئەو وتەیەی یارمەتی دام زاڵببم بەسەر یەکێک لە گەورەترین خەمەکانم ئەوەبوو کە " مەبەست لە ژیان ئەوەنییە چاوەڕێ بکەیت گەردەلولەکە تێپەڕببێت تا دڵخۆش ببیت، بەڵکو گەوھەری ژیان لەوەدایە فێرببیت لە باراندا سەما بکەیت "

ئای خودای تاک و تەنھای من چەند جوانە ئەو وتەیە و چەند جوانترە تێگەیشتن لێی.

گوێبگرن ئەستێرەکانم، ئەی درەوشاوەکانی من گوێم لێ بگرن..

ئەزیزی من دەزانم کە چۆن ھەست دەکەیت، بابەتەکە ئەوەنییە من فاڵچی و جادوگەر و شتی لەو جۆرە بم بۆیە بزانم.. من دەزانم چونکە خۆشم ھەستی پێ دەکەم من دەزانم چونکە لە ھەمان وڵات و ھەمان ھەسارە و ھەمان دونیا و ھەمان گەردوونی تۆ دەژیم.

دەزانم کە چەند ساتێک لە ژیانتدا ھەیە کە ھەست دەکەیت چیتر بەرگە ناگریت، چەند ساتێک بە تەنھا لە تاریکییەکدا دادەنیشیت و بێ ئەوەی ھۆکارێکی دیاریکراو و لۆژیکی بدۆزیتەوە دەگریت و فرمێسک لە چاوەکانت دەڕژێت..

دەنگێک لە ناختدا ھاوار دەکات و دەڵێ بەسە بێزار بووم چیتر بەرگەی ئەم ژیانە ناگرم، ھەستێکت بۆ دروست دەبێت وەک ئەوەی خەریک بێت بخنکێیت دەڵێیت ھەموو ھەوای ئەم گەردوونە بەس نییە بۆ تۆ تاوەکو ھەناسەی ژیان ھەڵبمژیت.

ھەموومان لەو جێیەدا بووین و ھەمووان ھەمان ھەستمان ھەبووە دەریبخەین یاخود نا ڕاستی ئەوەی ئێمە مرۆڤین دەریدەخات کە ڕاکردن نییە لەو ھەستە و ڕاستییەکەی دادوەرترین ھەستە کە بەبێ جیاوازی بەسەر ھەمووان بە یەکسانی دابەشکراوە.

بەڵام ئەوەی من دەمەوێت لە تۆی ئەزیزی بگەیەنم ئەوەیە کە کاتێک ئەو ھەستەت لا دروست دەبێت، کاتێک وادەزانیت تاکو سبەی ناژییت و چیتر ناتوانیت بەردەوام بیت ھەموو ئەوەی لەسەر تۆیە ئەوەیە

بۆ ساتێکی تر خۆڕاگر بە، ھەناسەیەکی تر ھەڵبمژە، خەندەیەکی دی لەسەر لێوەکانت بنەخشێنە.. ھیوایەکی دی لە ناختدا بڕوێنە.

چونکە ئەمە یەکەم ناخۆشی ژیانت نەبووە و کۆتاھەمینیش نابێت، چونکە ئەمە تاکە ئاستەنگ نییە بێتە بەردەمت وە کۆتاھەمینیش نابێت.. گرنگ نییە ھۆکاری دروستبوونی ئەو ھەستە چییە، ئایا قسەی کەسێک بووە یان ھۆکارەکە خودی کەسێک بووە.. یان تەنانەت گەر ھیچ ھۆکارێک نەبێت..

ئەوانە ھەمووی بیانو و بەھانەن تاوەکو ئەو ھەستە ڕابکێشن بۆ ناخت وە دەبێت تۆ لەدژی بوەستیت و ھەر جارێک ھەست بکەیت خەریکە دەخنکێیت ھەناسەیەکی قوڵ ھەڵبمژیت.. ھەر فرمێسکێک بێتە خوارەوە تۆ بەخێرایی بیسڕیت ھەر بیرۆکەیەکی خراپ دێت بە مێشکتدا لەجێی ھیوایەکی نوێ بچێنیت.

دەزانم کە لەوانەیە ئێستا تۆ بڵێیت قسەکردن چەند ئاسانە و بەجێھێنانی چەند گرانە.. بەڵام ئەوە ڕاستییە کە بەجێھێنانی ھیچ شتێک ئاسان و سادە و ساکار نییە، وە ئەم ژیانە زۆر دڕندەیە بەڵام ئەو کەسانەی تێیدان دڕندەترن بۆیە پشت بە کەس مەبەستە و کۆڵەکەی خۆت بە..

وە خەمباری ھەستێک نییە لێی ڕابکەیت بەڵکو ھەستێکە لەگەڵی بجەنگێیت، ئاگاداربن ئەوە دوو شتی جیاوازن ھەرچەندە زۆر لێکچوون لە ڕاستیدا.

بەڵام ئەو کەسەی لێی ڕادەکات ترسنۆکە وە ئەوەی لەگەڵی دەجەنگێت بوێرە.. تکایە ئاگاداری ئەوەبن درەوشاوەکانم.

دەزانم زۆرم پێچوو وە ڕاستییەکەی لەو باوەڕەدا نەبووم دووبارە بگەڕێمەوە ئێرە بەڵام ئەوەتا دووبارە لە شەوێکی تاریکی تردا یەکمان بینییەوە، وە دووبارە دەبێت بڵێم ھیوادارم و چاوەڕوانم کە شەوێکی تاریکی دی بێت و دووبارە بە دیداری یەکتر شاد ببینەوە.

بەڵام تاوەکو ئەوە ڕوودەدات تکایە ئاگاداری خۆتان بن..

ماڵئاوا ئەستێرە درەوشاوەکانم ✨

My Quiet Corner || SarahWhere stories live. Discover now