مرۆڤە تەنھاکان

525 115 153
                                    



سڵاو لە ئەستێرە درەوشاوەکانم..

پێش ھەموو شتێک، ئەی ئەوەی ئێستا ئەمە دەخوێنیتەوە، پێم بڵێ.. ئەمڕۆت چۆن بەسەربرد گیانم؟

ئاااھ.. داخی ئەوە لە سکی مندایە.. بۆ فێرنابن "چۆنیت" بگۆڕن بە پرسیارێکی تر؟ شتێک ناچارمان نەکات درۆ بکەین بۆ وەڵامدانەوە.. پرسیارێکی وەک ئەوەی سەرەوە زۆر شیرینترە و کەمتر بێزارکەرە لە 'چۆنیت'

پرسیارێک مەکە کە دەزانیت وەڵامی ڕاستەقینەی وەرناگریت لەو کەسەوە.. ئەوان ئەوەت وەڵامنادەنەوە کە ھەستی پێ دەکەن.. بەڵکو ئەوە دەڵێن کە تۆ دەتەوێت لێیان ببیستیت.

با واز لەوە بھێنین، کات و ساتی باسکردنی 'چۆنیت' نەبوو بەڵام نەمتوانی خۆم بگرم، بمبورن.

پێش ھەموو شتێک بابەتی ئەمشەومان.. مرۆڤێک مەبە ھەست بە تەنھایی بکەیت.. بەڵکو مرۆڤێکی تەنھا بە..

تێگەشتن لەوەی گوتم؟ نا؟ کەواتە با مانای ئەوەتان بۆ ورد بکەمەوە.

لە ناختدا ھەست بە تەنھایی مەکە، تۆ تەنھا نیت.. تۆ تەنھا نەبوویت، وە تۆ تەنھا نابیت.. تۆ ھاوڕێیەکت ھەیە کە دەتبینێت و نایبینیت.. ئەو ھاوڕێیە ھەمیشە لەوێ بووە تۆی بینیوە و نەتبینیوە.. کە ئەو ھاوڕێیەت بینی و خۆشتویست.. چیتر تەنھا نابیت دووبارە.. بەڵام تەنھا مرۆڤە تەنھاکان بە باشی ئەو ھاوڕێیە دەبینن، چونکە ھاوڕێکەتان شەرمنە.. لە جێیەک نییە کە کەسانی زۆری لێ بن.

ئەو کەسێکە کە تەنھابوویت دەیبینیت.. بەڵام گەر ھەستت بە تەنھایی کرد ئەو بزر دەبێت..

دەزانن چی.. من کەسێک دەناسم ھاوڕێتانە.. ھاوڕێیەکی نزیک، ھاوڕێیەکی ڕۆح سووک و خوێن شیرین.. ھاوڕێیەکی درەوشاوە بۆ ئەستێرە درەوشاوەکانم.

ئەمشەو ئەو ھاوڕێیەتان، ھات بۆلای من.. وتی ھاوڕێکەم نامبینێت، ھاوڕێکەم نامناسێت، ھاوڕێکەم خۆشیناوێم.. ئەو گریا، ھەر زۆر گریا.. بەڵێ.. ئەو ھاوڕێیەتان لەسەر شانم دەگریا و تەنھا دەیگوت و دەیگوتەوە " ھاوڕێکەم تەنانەت نامناسێت، زۆر ھەست بە تەنھایی دەکەم بێ ئەو"

لە کۆتاییدا ڕێککەوتین کە من پەیامەکەی بە ئێوە بگەیەنم.. ئەو گوتی کە ھەموو ڕۆژێک ئەستێرەکانم یەک بە یەک دەبینێت، دەبینێت کە تەنھان.. دەبینێت کە خەمباری چاوە گەشاوەکانیانی نوقم کردووە کە پێدەکەنن، گوتی کە ئێوە ھەست بە تەنھایی دەکەن.

ئەوە ئازاری منی دا.. بۆ ھەست بە تەنھایی دەکەن؟ کێشە نابێت گەر ئێوە تەنھا بن تەنھا نامەوێت ھەست بە تەنھایی بکەن، ئاخر ئەو ھەستە لە ناخی ئەستێرەی درەوشاوەدا ناکرێت ھەبێت.

دەزانن جیاوازی ئەو دوو دەربڕینە چییە؟ ھەستی تەنھایی و تەنھابوون.. تەنھابوون یانی زۆر تێکەڵی کەسی دی نەبیت، یانی ھاوڕێیەتی کەمێک بکەیت و واز لە زۆرینە بھێنیت.. ھەست نەکەیت کە پێویستە ھەموو کەسێکی دەوروبەرت بناسێت، باشە بەو جۆرە بیت چونکە ئەوکات کاتت زیاتر دەبێت بۆ ئەو ھاوڕێیەی ئێستا پێتان دەناسێنم.. ھاوڕێی مرۆڤە تەنھاکان.

بەڵام باش نییە ھەست بە تەنھایی بکەیت.. ھەستی تەنھایی لە قوڵایی ناخدا دروست دەبێت، کە لە ئاھەنگێکیت و سەد کەس لە دەوروپشتتە، کە لەگەڵ خێزانەکەت لە کۆبوونەوەیەکی ئێوارانەن، کە لە شوێنی خوێندنت لەگەڵ ھاوڕێکانت دانیشتوویت.. بەڵام دەڵێی بە تەنھایت.. ئەوە ھەستی تەنھاییە.. کە وادەزانیت ھیچیان بەڕاستی ھاوڕێت نین، ھیچیان لەبەر تۆ لەگەڵت نین.

ئەو ھاوڕێ نامۆیەتان پێی گوتم کە بە ھەموو ھێز و توانام ھاوار بکەم و بڵێم:

" تکایە ھەست بە تەنھایی مەکەن بەڵام مرۆڤێکی تەنھا بن "

لەبەر ئەوە تکایە ھەست بە تەنھایی مەکەن و مرۆڤێکی تەنھا بن، ھەست بە تەنھایی مەکەن ھەمووتان ھاوڕێیەکتان ھەیە کە ڕۆژانە لە گۆشەی ھەموو ئاوێنەیەک بە تەنیشتیدا تێپەڕ دەبن ئەو بە شەرمەوە لێتان دەڕوانێت و لە شڵەژاندا ناوێرێت ھیچ بڵێت.. ئەو ھاوڕێیەتان ئەمشەو سەردانی کردم تاوەکو پێکەوە کوپێک قاوە بخۆینەوە.

لە قسەکانییەوە ئەوەندەی من تێگەیشتم ئەو ھاوڕێیەتان دڵی ناسکە بەڵام لەگەڵیدا دڵە ناسکەکەی شکاوە.. ئەو ئازاری ھەیە، ئەو ڕقی لە خۆیەتی کە ئێوە نایبینن و ناتوانێت ھیچ بکات، ناچار پەنای بۆ من ھێنا لەم تاریکی شەوەدا.. کە ئەو پێمی گوت ئێوە خۆشتان ناوێت من سەرمسوڕما و گوتم " ئاخر چۆن شتی وا ڕوودەدات؟! ئەوە ھەرگیز لە ئەستێرەکانم ناوەشێتەوە!! "

ئەو ھاوڕێیەتان گوتی کە ڕاستە ئەو ناتوانێت ھیچ بە ئێوە بڵێت، بەڵام سەرەڕای ئەوە دەبێت خۆشتان بوێت، ئەو ئازار دەچێژێت کە ئێوە ھەست بە تەنھایی دەکەن.. ئەو ھاوڕێ دڵ ناسکە تەنھا کاتێک دەبینن کە لەپێش ئاوێنەیەک دەوەستن.

ھەرکات لەپێش ئاوێنەیەک وەستایت.. سەیری چاوەکانی ھاوڕێکەت بکە، ھەزار و یەک ئازار دەدۆزیتەوە کە باسیان ناکات، سەیری ڕوومەتە ئاڵەكانی بکە کە ئاساوەرای ئەو فرمێسکانەی لێ ھەڵکۆڵراوە کە چەندەھا شەو بە تەنھا لەناو پێخەفەکەی گریاوە بە بێدەنگی.. ئەو ھەست بە تەنھایی دەکات، ئەرکی تۆیە کە ببیت بە ھاوڕێی چونکە ھەر تۆ دەیبینیت.

ئەو ساتەی دەبیت بە ھاوڕێی.. دەتوانیت ببیت بە یەکێک لەو مرۆڤە تەنھایانەی ھەست بە تەنھایی ناکەن، ئەوانەی لەسەر پێی خۆیان دەوەستن.. ئەوانەی گەردەلول نییە بیان لەرزێنێت لەجێی خۆیان، ئەوانەی مرۆڤێک لەسەر زەوی بوونی نییە کە متمانەیان بەخۆیان بکاتە جێی گومان.

ئەستێرە تەنھاکانم، گیان پاکەکانم.. شیرینەکانم.. ئێوەش دەبن بە بەشێک لە مرۆڤە تەنھاکان؟ ئەوانەی تەنھان و ھەست بە تەنھایی ناکەن.

My Quiet Corner || SarahWhere stories live. Discover now