ڕەچەڵەک

213 45 49
                                    



سڵاو لە درەوشاوەکانم، هیوادارم لێم زویر نەبووبێتن..

دەمێکە لێرە ڕۆیشتووم بێ وەڵام، بەڵام دەمێکیش دەبێت مێشکم ئاڵۆزە بێ وەڵامێک بۆ خۆم، ئیدی ئەوە بەدەست من نەبوو.

دووریم لێتان کاریگەری لەوە زیاتر بوو کە چاوەڕوانم دەکرد، هەست دەکەم وەکو جاران ناتوانم بە هێمنی ڕیگاتان ڕووناکبکەمەوە بۆیە ئەمجارە باسی بابەتێکی جیاواز دەکەم.

لێرەدا من بۆچوونی خۆم دەخەمەڕوو، ئەم گۆشە هێمنە بۆ من و ئەستێرە درەوشاوەکانمە، تکادەکەم ڕای خۆت دەرببڕیت بە ڕێزەوە.

شتێک هەیە زۆرکەس لە ژیانی ڕاستیمدا پێی وتوم، لۆمەی کردووم یاخود تەنانەت بەبێ ئابڕوویانە گاڵتەی پێکردووم

پێم دەڵین کوردپەروەریت.. وە هەمیشە یەک وەڵامم بووە و دەبێت

" باشە سوپاس شانازی بەوەوە دەکەم، بەڵام دەکرێیت بڵێیت کە  ئەوەت گوت ئەو قێزە چی بوو  لە چاوکانتم بینی بەڕێز بێ ڕێز؟ "

یاخود دەکرێت بڵێم کورتترین وەڵام بۆ ئەوە ئەو پەندەیە کە دەڵێت " لە هەموو بوونەوەرێکدا ناخی بۆی دەبێتە ئاوێنە بۆ گۆشەی تێڕوانینی "

ناخێکی بۆگەن بۆنی یاسەمین لە دەوروبەری ناکات..

من ئەمشەو هاتووم بڵێم ئێمە نەهامەتیمان چەشتووە، ئازاردراوین و ئازارمانداوە، لە ژیانی خۆمان ڕازی نین و باشترمان دەوێت و بەدەستی ناهێنین، هەست دەکەین خەونەکانمان دەبێت بەژێرباری تەماحی سیاسەتمەدارەکان.. زۆرکات تەنانەت هەناسەدانەوەی هەوای ناو سینەمان هێندەی هەڵگرتنی گەردوون لەسەرشانمان ئەستەم و پڕ ئازار دەبێت..

بەڵام دەڵێم.. ئەوانە بەشێکن لە مرۆڤ بوونمان، پەیوەندی نییە بەوەی لەم وڵات یان لەوی تر لەم کیشوەر یاخود ئەوی تر دەژیت.. هەموو کیشوەرێک هەموو وڵاتێک هەموو شارێک و هەموو گەڕەک و هەموو کوچەیەک هاوشێوەی یەک باشی و خراپی تێدا ڕوودەدات.. وە هەمووی بە ڕەحم و حیکمەتی یەک خودا ڕوودەدات.. ئیتر بۆچی بارەکە دەنێیتە سەر شانی نیشتیمانە بێ تاوانەکەت؟

بەڕاست ئەم وڵاتە بە وێرانە دەزانن؟ چی بووە پێت خۆشە بچیت بۆ شوێنی خۆش و ژیان لە وڵاتانی دەرەوە؟ نەمگوتووە لێرە بژی تاوەکو دەمری بەڵام یەک خولەک یەک بوونەوەر نییە لە نرخی نیشتیمانم کەم بکاتەوە.. ڕێگەی پێ نادەم.. تێناگەیت چەند خوێن ڕژاوە بۆ نیمچە ئازادکردنی ئەم بەشە بچووکە لە خاکمان؟ کلتور و ڕەچەڵەکمان، هۆکاری بوون و مانابەخشەری ژیانمان..

دڵم یەک جار ژان دایدەگرێت بە بیستنی "ڕقم لە کوردستانە" لە ڕۆڵەی وڵاتەکەم، جارێک بۆ ئەو هەستە نەخوازراوەی لای ئەوان هەیە و سەد جار بۆ ناچاربوونم بە بانگکردنیان بە "ڕۆڵەی وڵاتەکەم"

ئەمە نابێت نا، شتی لەو جۆرە باوەڕی پێ ناکرێت.. باوەڕتانبێت خۆشی هەیە لەو شوێنە گەورە و سەیر و سەمەرە و نەخشێندراوانەی لە موبایلەکەت دەیبینی و ئاهی بۆ هەڵدەکێشیت.. بەڵام هێندەی ئەو خۆشییە نابێت کە بە سڵاوکردن لە دراوسێ لێو بە خەندەکەت لەکاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە دەستت دەکەوێت

ئیدی پێشینان بە گاڵتە ناڵێن « بەرد لەجێی خۆی سەنگینە » ئەو نرخەی بۆ تۆ دادەنرێت لەسەر نیشتیمانت لە هیچ سووچێکی دی ئەم زەوییە دەستناکەوێت.. گەر بەو جۆرەش هەست ناکەیت کێشە لە تۆیە ئەزیزم تکایە بە باشی بیری لێ بکەرەوە.

بە ئەرکی سەرشانمی دەزانم بە یەک نوکە هەنگاویش بێت هاوپشکبم لە بەرەوپێشبردنی ڕۆشنبیری نەوەی نوێ، لە زیادکردنی خۆشەویستی خاک و نیشتیمانمان لەنێو ناخیاندا.

من ناڵێم بوونی تۆ وەک کورد باشترین دەرفەتی ئەم جیهانەیە بەڵکو پڕ لە ئازار و نەهامەتییە، من وەکو ڕۆڵەیەکی هەڵەبجەی شەهید لە منداڵیمەوە بەباشی لەوە تێگەیشتووم، زۆر بەباشی.. زۆر بە ئازار و زۆر بە باشی.. لەگەڵ هەر جارێکدا دایکم یاخود باوکم چیرۆکی نەهامەتی ژیانیان دەگێڕنەوە بەهۆی بە 'کورد' بوونیان ناخم ئازارم دەدات، برینێکی نوێ زیاددەبێت بەڵام نا.. نەخێر، هەرگیزاو هەرگیز ناکرێت بڵێم خۆزگە کورد نەبوومایە.

هەمیشە ئەو خونچە سیسەی لەنێو بەرددا دەڕوێت سەرنجڕاکێشترە لەو گوڵە ناوازەیەی لە باخچەیەکی ڕەنگیندا دەڕوێت.. شانازی دەکەم بە خۆڕاگری میللەتەکەم و دەبێت هەموو یەکێک لە ئەستێرەکانم بەو جۆرە ببن.

گوێبگرن ئەی درەوشاوەکانم، لەوانەیە چاوەڕوان بووبن ئەمشەو من قسەی شیرینتان بۆ بکەم بەڵام بەم بابەتە سەرودڵم گرتبێتن.. بەڵام ئەمشەو تاریکە، تاریکە و خەمناکە .. قسەی هەنگوینی و دڵخۆشکەر لە تاریکیدا نرخی نییە.. تکاتان لێ دەکەم چاولەوانی دی مەکەن.

ئێوە بەنرخن، درەوشاوەن، خۆشویستراوی منن، تکاتان لێ دەکەم.. ئەم نیشتیمانە ماندووەتان خۆشبووێت.

My Quiet Corner || SarahWhere stories live. Discover now