بۆ ھەموو ئەوانەی پێویستیان بە بیستی ئەمەیە..چاوەڕوان مەبە کەسانی دی دڵخۆشت بکەن، نازت ھەڵبگرن.. گرنگیت پێ بدەن یان دڵت ڕابگرن وە ھەر شتێکی دی لەو جۆرە بێت.. وەرە با شتێکت پێ بڵێم زۆرکەس درکی پێ ناکات یان لە ئاستی ئەو زانیاریە پێویستە چاوی کوێر دەکات.
گەر بەھەشتت لە چاوانی کەسێکی تردا بینی ئەوە بەھەشت نییە، زۆرکەس بیرۆکە و خەیاڵی جیاوازیان ھەیە بۆ دەربڕینی ئەم وشەیە "بەھەشت" ... دەبێت ماناکەی چی بێت؟ من لە ڕوانگەی خۆمەوە بەو وشەیەت دەناسێنم و دواتر تۆش ھەمان کار بکە، جوانە بۆچوونی کەسانی دی بزانی دەربارەی ئەو جۆرە شتانە.
(لەڕووی ئایین و ئیسلامەوە باسی ناکەم ئەمە تەنھا بیرکردنەوەی تاکە کەسی خۆمە)
بۆ من بەھەشت ئەو شوێنەیە کە بەپێی ئەوەی لە منداڵییەوە بەکارمانھێناوە ھەمووی دێتەوە سەر یەک بیرۆکە کە شوێنێکە ھەمیشە لێی دڵخۆشین، شوێنێک تێیدا بەلامانەوە گرنگ نییە کەسانی تر چۆن دەمانبینن، شوێنێک لێی بێزار نابین.. شوێنێک لێمان بێزار نابێت.. ئەمە زۆر شیرینە بە ڕادەیەک ھەر بە بیرکردنەوە لێی خەندە دەخاتە سەر ڕووت.
باشە من دەڵێم.. چۆن بگەین بەو جێگایە؟! ھەموو ژیانمان لە بازنەیەکی داخراودا ڕادەکەین بەدوای ئەو بەھەشتەدا دەگەڕێین.. بەڵام چۆن پێی بگەین؟ ھەرگیز ئەوەت لە خۆت پرسیوە؟ بە ڕێژەیەکی زۆر ئێستا بە نەخێر وەڵامم دەدەیتەوە..
باشە بۆچی؟ بۆچی ھێندە سەرقاڵی ڕاکردنین کە لەبیرمان کردووە لە بنەچەدا بۆچی ڕادەکەین! بۆچی کە کەسێک بیری لێ بکاتەوە دەبێت بە ھەمیشە پێی بووترێت" خۆتمان لێ مەکە بە فەیلەسوف"
با واز لە 'بۆچی' بھێنین وابڕوا ناگەین بە ئەنجام.. بابەتی ئەمشەو بەھەشتە.. با باسی بەھەشت بکەین.
ئەزیزم ئەی خوێنەری ئەم وشانەی لەم شەوە تاریکەدا بە مێشکە جەنجاڵەكەمدا ھات، سڵاو لە گیانی پاکت.. ھاوڕێ لێم بێزار مەبە و گوێم لێ بگرە.
ئێستا دەربارەی ئەو پێناساندنەی بەھەشت.. تێبینی شتێکی نامۆت کرد؟ وەرە با من بیڵێم پێت.. ئەو بەھەشتە دەکرێت لەسەر زەوی بێت، وە دەکرێت دۆزەخیش لە بەھەشت بێت. ئەمە زۆر گرنگە نەکەی لە یادی بکەیت!
ھەمووی پەیوەندی بەو گۆشەیەوە ھەیە کە سەیری تابلۆکەی پێ دەکەیت، بەو خەیاڵەی دێت بە مێشکتدا کە سەیری دەکەیت.. بەو ھەستەی لە چاوتدا ھاوار دەکات کە لێی ورد دەبیتەوە.
ھەر وەکو چۆن لە ھەندێک ئەفسانە دەوترێت کە خۆر تەنھاترین ئەستێرەیە.. ھەرکات دێت بۆ بینینی ھاوڕێ ئەستێرەکانی ئەوان جێیدەھێڵن.
بەڵام ھەندێ ئەفسانەی دی دەڵێن کە خۆر و مانگ ھاوڕێ بوون، چارەنووس بە جۆرێک لێکی جیاکردنەوە کە ھەرکاتێک یەکێکیان دەربکەوێت درەوشاوەیی ئەوی تریان نامێنێت و دەڕوات.. سەرەڕای ئەوە ئەوان دژ بە چارەنووس وەستان و خۆرگیرانیان دروست کرد.. چەند ساتێکی کەم کە تێیدا ڕوو بە ڕووی یەک دەوەستن و زەردەخەنە دەگۆڕنەوە.
لەبەر ئەوە بە بیرکردنەوەت لە ڕووداوەکان و مانای ژیانت بەھەشت بۆ خۆت بسازێنە، ئاخر گیانی من تێمبگەیەنە بۆ چاوەڕێیت کەسانی تر دڵخۆشت بکەن؟ بۆ چاوەڕێیت یەکێک ئەو خواردنەت بۆ دروست بکات کە پێت خۆشە؟ بۆ ڕۆژ بە پەنجە دەژمێریت تا ڕۆژی لەدایک بوونت دێت و دوو 'بە ناو ھاوڕێ' نامەیەکت بۆ بنووسن کە ڕۆژانە دەینوسن بێ ئەوەی بۆ یەکجاریش بێت مەبەستیان بێت، قسە دووبارە دەربارەی ئەوەی چەند جوانیت و خۆشمدەوێیت و بلا بلا بلا کە خۆتان باش دەزانن چی دەڵێم..
بۆ چاوەڕوانی دیاریت لە کەسانی ترەوە کە ئەگەری زۆرە کڕینی ئەو دیارییە وەک بارێک لە سەر شانیان بێت بەلای ئەوانەوە..
بەھەشت بۆ خۆت بسازێنە.. دەزانی ئەوە ھیچ گران نییە گەر بە مێشکێکی کراوەوە بیری لێ بکەیتەوە؟ گەر خۆت کۆڵەکەی ماڵەکەت بیت ھەرگیز ناڕوخێیت بەڵام گەر کەسێکی دی بکەی بە 'بڕبڕەی پشتت' ھەر ڕۆژێک دێت و دەکەویت.
ئەزیزم سەرم ئێشاندیت و ئەوەی ھەمبوو گوتم.. ئێستاش کە تۆ ئەمە دەخوێنیتەوە.... لەوانەیە شەو بێت و لەناو جێگابیت، لەوانەیە ڕۆژ بێت و تازە ھەستابیت.. لەوانەیە ھیلاک بیت، لەوانەیە فرمێسک لە چاوتدا کۆبووبێتەوە یان لەوانەیە ھیچ ھەستێکی دیاریکراوت نەبێت.. بەڵام ئەوە گرنگ نییە، ئێستا یەک کارم بۆ بکە.
چاوەکانت دابخە و بڵێ:
من بەھەشت بۆ خۆم دروست دەکەم !

VOUS LISEZ
My Quiet Corner || Sarah
Aléatoireگەر بێزاریت لە جەنجاڵی دەوروبەرت وەرە ئێرە.. لێرە دەنگە دەنگ بوونی نییە. " چیرۆک نییە تەنھا گۆشەیەکە تایبەت بە من و ئەستێرەکانم و بیرکردنەوە بێ پایانەکانم "