فۆلکلۆری ئەورووپی و سەدەکانی ناوین

48 24 30
                                    


زۆرێک لەو خەیاڵاتانەی کە دەوری خوێنمژەکانی دابوو لە ماوەی سەدەکانی ناویندا پەرەیسەند. مێژوونووسانی سەدەی دوانزەیەم، واڵتەر ماپ و ویلیام نیوبێرگ، ھەژماری نەمردوویان تۆمار کردووە، تۆماریش لەسەر خوێنمژەکان لەدوای ئەم ماوەیەوە لاواز بوون. لە فۆلکلۆری نۆرسیشدا (سکاندیناڤیا) باسی بوونەوەری ھاوشێوەی خوێنمژ کراوە لە سەدەکانی ناویندا. بوونەوەری ھاوشێوەی خوێنمژەکان زۆر بە کەمی لەسەریان نووسراوەتەوە لە وێژەی جووەکاندا؛ نووسەرێکی جووی سەدەی شانزەیەم بە ناوی دەیڤد بن سۆلۆمۆن ئیبن ئەبی زیمرا (بە کورتی ناسراو بە ڕادباز) لەبارەی ژنێکی دڵڕەقەوە نووسی بووی کە دوای مردنی جەستەکەی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەبێ چاودێری بەجێ ھێڵدرابوو کە بووە ھۆی بوون بە خوێنمژ و ھەستانەوەی و کوشتنی سەدان خەڵک. ئەو ئەمەی دایە پاڵ چاودێری نەکردنی جەستە مردووەکە، گوایە کە جەستەی مردوو دەتوانێت ببێت بە پۆشاکێک بۆ گیانە خراپەکان.

لە سەدەی سەرەتاکانی سەدەی ١٧ و ١٨، چەندین چیڕۆکی خوێنمژ بە ڕۆژھەڵاتی ئەورووپادا بڵاوبوونەوە. ئەم چیڕۆکانە بوونە پایەی ئەفسانەی خوێنمژ کە دواتر بە ئینگلتەرا و ئەڵمانیادا بڵاوبۆونەوە و پەرەیانسەند و ناوبانگیان دەرکرد. یەکێک لە کۆنترین چالاکییە خوێنمژییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٦٧٢ لە ئیستریا لە کرواتیای مۆدێرن. ڕاپۆرتە ناوخۆیییەکان ھۆکاری دڵەڕاوکێی دانیشتوانی شارۆچکەی تینجانیان دایە پاڵ پیاوێکی ھەژار بە ناوی جوور گراندۆ، کە بە خوێنمژ ناسێندرا. ئەو لە ساڵی ١٦٥٦دا مرد. دانیشتوانی شارۆچکەکە بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ئەو لە مردن گەڕاوەتەوە و ھێرشی ھێناوەتە سەر بێوەژنەکەی و خوێنی خەڵکی خواردۆتەوە. سەرۆکی شارۆچکەکە داوای کرد کە دارێک لە سنگی بچەقێندرێت، بەڵام دواتر ئەوەیان پێ بەس نەبوو و سەریشیان پەڕاند.

لە سەدەی ١٨دا، چەندین خوێنمژ لە ڕۆژھەڵاتی ئەورووپا بیندراون، کە بووە ھۆی ھەڵدانەوەی چەندین گۆڕ و چەقاندنی دار لە سنگی چەندەھا جەستە؛ لەم ماوەیەدا، تەنانەت کەسایەتییە سیاسییەکانی حکومەتیش بەشدارییان لە ڕاوکردن و کوشتنی خوێنمژەکان دەکرد. ھەرچەندر ئەم ماوەیە بە سەردەمی ڕووناکبیری ناسرابوو، کە تێیدا چەندین ئەفسانەی فۆلکلۆری کۆتاییان پێ ھێندرا و پووچەڵکرانەوە، باوەڕھێنان بە خوێنمژەکان بە ڕێژەیەکی زۆر دراماتیکی زیادی کرد، لە ئەنجامیشدا ھیستێریایەکی بە لاشاو ئەورووپای گرتەوە. دڵەڕاوکێکە لە ڕۆژھەڵاتی ڕووسیاوە دەستی پێکرد لە ساڵی ١٧٢١ کاتێک باسی ھێرشێکی خوێنمژی بڵاوبۆوە، و لە ساڵەکانی ١٧٢٥–١٧٣٠ بانگەشەی ھێرشی خوێنمژی چڕتر بوو. یەکەمین دوو کەیسی خوێنمژی کە تۆمار بکرێت تەرمی پیتار بلاگۆجێڤیج و میلۆش سێرکاسی سێربیایی بوون. گوایە کە، دوای مردنی لە تەمەنی ٦١ ساڵیدا، بلاگۆجێڤیج لە مردن گەڕاوەتەوە و داوای خواردنی لە کوڕەکەی کردووە، دوای ئەوەی کوڕەکەشی ڕەتی کردۆتەوە، کوشتوویەتی و بە مردوویی دۆزیویانەتەوە ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە. خەڵک باوەڕیان وابوو کە بلاگۆجێڤیج ھێرشیشی کردبووە سەر دراوسێکانی، کە ھەموویان بەھۆی کەمخوێنییەوە مردبوون.

میلۆشیش سەربازێکی پێشوو و جووتیار بوو، خەڵک باوەڕیان وابوو کە خوێنمژێک چەندین ساڵ لەمەوبەر ھێرشی کردۆتەوە سەری. میلۆش لەکاتی جووتیاریدا مرد، دوای مردنیشی خەڵکی دەورووبەری ناوچەکە ھەموو دەمردن. خەڵکی بە گشتی پێیان وابوو کە میلۆش گەڕابوویەوە و پەلاماری خەڵکی دەدا. چیڕۆکێکی تری سێربیایی بەناوبانگ ھەبوو دەربارەی ساڤا ساڤانۆڤیچ بوو، کە خەڵکی دەکوشت و خوێنەکەی دەخواردنەوە. ئەم ئەفسانەیە بووە ھۆی ھاندانی فیلمی ترسی ساڵی ١٩٧٣، لێپتیریکا.

ھەردوو ڕووداوەکە بەباشی نووسرابوونەوە و بەڵگەنامەیان بۆ دروست کرابوو. کەسایەتییە حکومییەکان تەرمەکانیان پشکنی و ڕاپۆرتیان لەسەر نووسین و کتێبیشیان بە ناو ئەورووپادا بڵاوکردەوە. ھیستێریاکە، کە بە فراوانی بە «دەمەقاڵێی خوێنمژی سەدەی ١٨» ناسراوە، بۆ چەندین نەوە مایەوە. کێشەکان بەھۆی ئەو پەتایانەی ڕووی لە دێکان دەکرد خراپتر دەبوو، بەھۆی ئەوەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بڕوایان بەو جۆرە ئەفسانانە ھەبوو، کە دەبووە ھۆی ھەڵدانەوەی گۆڕ و ڕاوەخوێنمژ.

زانیاری لە سەر خوێنمژDonde viven las historias. Descúbrelo ahora