2

471 67 6
                                    

Unedited


ئەلسێستیس پاڵەوانی ئەفسانەی یۆنانییە. چیرۆکێکی خۆشەویستی لە خەمناکترین جۆر. ئەلسێستیس بە ئامادەییەوە ژیانی خۆی دەکاتە قوربانی لە پێناو ژیانی هاوسەرەکەی، ئەدمیتۆس، کە لە شوێنی ئەو دەمرێت لە کاتێکدا کەسی تر نایکات. ئەفسانەیەکی نائارامکەری خۆبەختکردن، ڕوون نەبوو کە چۆن پەیوەندی بە دۆخی ئەلیسیاوە هەیە. مانای ڕاستەقینەی ئاماژەکە بۆ ماوەیەک بە نادیاری مایەوەبۆ من. تا ڕۆژێک، ڕاستییەکان هاتە ئاراوە-
بەڵام من زۆر خێرا دەڕۆم. زیاد لە حەد خێرا. دەبێت لە سەرەتاوە دەست پێبکەم و با ڕووداوەکان خۆیان قسە بکەن. نابێت ڕەنگیان بکەم و بیانپێچمەوە و هیچ درۆیەکیان بۆ بکەم. هەنگاو بە هەنگاو بەردەوام دەبم، بە هێواشی و بە وریاییەوە. بەڵام لە کوێوە دەست پێ بکەین؟ پێویستە خۆم بناسێنم، بەڵام ڕەنگە هێشتا کاتی نەهاتبێ؛ ئاخر من پاڵەوانی ئەم چیرۆکە نیم. چیرۆکی ئەلیسیا بێرنسنە، بۆیە دەبێ لە ئەوەوە دەست پێ بکەم- و ئەلسێستیس.

تابلۆکە خۆی دروستی کرد ، ئەلیسیا لە ستۆدیۆکەی خۆیدا لە ماڵەوە لە ڕۆژانی دوای کوشتنەکەدا وێنا دەکات، لەبەردەم ئیزڵ و کانڤاسێکدا وەستاوە، فڵچەیەکی بۆیاخی بەدەستەوەیە. هیچ جلێکی نەپۆشیوە. جەستەی بە وردەکارییەکی بێ ڕەحمەوە دەرخراوە: تاڵە درێژەکانی قژە سورەکەی بەسەر شانە ئێسکییەکاندا شۆڕبونەتەوە، دەمارە شینەکانی لە ژێر پێستە ڕوونەکەیدا دیارن، پەڵەی تازە لەسەر هەردوو مەچەکی. ئەو فڵچەی بۆیاخەکەی لە نێوان پەنجەکانیدا گرتووە. بۆیەی سوور دڵۆپ دڵۆپ دەکات- یان خوێنە؟ هەموو سەرنجی لەسەر نیگارەکەیە- بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کانڤاسەکە بەتاڵە، هەروەک دەربڕینەکەی خۆی. سەری بەسەر شانیدا وەرگەڕاوە و ڕاستەوخۆ سەیری  کەسی بەرامبەر دەکا. دەم کراوە، لێوەکان جیا بوونەتەوە. بێدەنگ.

لە کاتی دادگاییکردنەکەدا، ژان فیلیکس مارتن کە گەلەری بچووکی سۆهۆی بەڕێوەبرد کە نوێنەرایەتی ئەلیسیای دەکرد، بڕیارە مشتومڕاوییەکەی دا کە زۆر کەس بە هەستیار و ترسناک ئیدانەیان کرد، بۆ نمایشکردنی ئەلسێستیس. ئەوەی کە هونەرمەندەکە لە ئێستادا لە بەندەر بووە بەهۆی کوشتنی هاوسەرەکەیەوە، بەو مانایە بوو کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی دوور و درێژی گەلەرییەکەدا، ڕیزیک لەدەرەوەی پێشانگاکە دروست بوو.
لەگەڵ هونەردۆستانە خۆپەرستەکانی تردا لە ڕیزدا وەستابووم، لە لای گڵۆپە سوورە نیۆنییەکانی دوکانێکی سێکسی تەنیشتم چاوەڕێی نۆرەی خۆم بووم. یەک بە یەک، دەنێردراینە ژوورەوە. کاتێک لە گەلەرییەکەدا بووین، وەک جەماوەرێکی وروژێنەر لە گۆڕەپانی پێشانگاکەدا کە ڕێگەی خۆیان بەناو خانوویەکی جنۆکەییدا دەگرت،  بەرەو تابلۆکە ڕۆیشتین. لە کۆتاییدا، خۆم لە پێشەوەی هێڵەکەدا بینیەوە- و ئەلسێستیس ڕاستەوخۆ لەپێشم بوو.

چاوم لە تابلۆکە بوو، چاوم لە دەموچاوی ئەلیسیا بوو، هەوڵم دەدا ئەو نیگایە لە چاوەکانیدا لێکبدەمەوە، هەوڵم دەدا تێبگەم- بەڵام پۆرترێتەکە بەرگری دەکرد. ئەلیسیا سەیری کردمەوە - دەمامکێکی سپی - نەخوێنراوە، تێنەگەیشتراو. نەمدەتوانی لە دەربڕینی ئەودا نە بێتاوانی و نە تاوانباری ببینم.
کەسانی تر ئاسانتر ئەویان دەخوێندنەوە.
ژنەکەی پشتم بە چرپە گوتی: “شەیتانی ئەسڵی. "
“وانییە؟" هاوڕێکەی هاوڕا بوو. “خوێن ساردی س*زانی.”
پێم وابوو کەمێک نادادپەروەرانەیە- بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تاوانباری ئەلیسیا هێشتا نەسەلمێنراوە. بەڵام لە ڕاستیدا زۆر لەمێژبوو کۆتاییەکەی دیاریکرابوو. تابلۆیدەکان هەر لە سەرەتاوە وەک خراپەکارێک حکومیان لەسەردابوو: ژنێکی بکوژ، بێوەژنێکی تاریک. درندە.
ڕاستییەکان، وەک ئەوەی کە هەبوون، سادە بوون: ئەلیسیا بە تەنیا لەگەڵ تەرمی گابرێل دۆزرایەوە؛ تەنها پەنجەمۆرەکانی ئەو لەسەر دەمانچەکە هەبوو. هەرگیز هیچ گومانێک نەبوو کە گابرێلی کوشتووە. لە لایەکی ترەوە بۆچی کوشتوویەتی، تا ئێستا بە نهێنی ماوەتەوە.
کوشتنەکە لە میدیاکان مشتومڕی لەسەر بوو و تیۆری جیاواز لە چاپ و ڕادیۆ و لە بەرنامەکانی چاتی بەیانیدا پشتگیری کرا. شارەزایان هێنران بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە بدەن، ئیدانە بکەن، پاساو بۆ کردەوەکانی ئەلیسیا بهێننەوە. دەبێ ئەلیسیا قوربانی دەستدرێژی خێزانی بووبێت، بە دڵنیاییەوە، زۆر پەستانیان خسۆتە سەری، پێش ئەوەی دواجار بتەقێتەوە؟ تیۆرێکی دیکە پێشنیاری دەکرد کە یارییەکی سێکسی بووە و بەهەڵەدا چووە- مێردەکە بە بەستراوی دۆزرایەوە، وانیە؟ هەندێک گومانیان دەکرد کە ئیرەیی مۆدێل کۆن بووە کە ئەلیسیای بەرەو کوشتن بردووە- ژنێکی دیکە، ڕەنگە؟ بەڵام لە دادگاییکردنەکەدا گابرێل لەلایەن براکەیەوە وەک هاوسەرێکی دڵسۆز وەسفکرا، کە بە قووڵی عاشقی هاوسەرەکەی بوو. باشە ئەی پارە چی؟ ئەلیسیا بە مردنی ئەو زۆر قازانجی نەکرد؛ ئەو ئەو کەسە بوو کە پارەی هەبوو، لە باوکیەوە بە میرات بۆی مابووەوە.

نەخۆشە بێــدەنگەکە ✔️Where stories live. Discover now