٦

110 24 8
                                    

Unedited



گەیشتمە ماڵەوە، هەستم بە ماندووبوون دەکرد. هێزی خوو وای لێکردم پلاکی گڵۆپی هۆڵەکە داگرم، هەرچەندە گڵۆپەکە سوتابوو. بەنیاز بووین بیگۆڕین بەڵام بەردەوام لەبیرمان دەچوو.

یەکسەر زانیم کە کاثی لەوێ نییە. زۆر بێدەنگ بوو؛ ئەو نەیدەتوانی بەرگەی بێدەنگی بگرێ. ئەو بە ژاوەژاو نەبوو بەڵام جیهانەکەی پڕ بوو لە دەنگ- قسەکردن بە تەلەفۆن، خوێندنەوەی دێڕەکان، سەیرکردنی فیلم، گۆرانی گوتن، همەهم کردن، گوێگرتن لەو باندانەی کە هەرگیز ناویانم نەبیستبوو. بەڵام ئێستا ژوورەکە وەک گۆڕێک بێدەنگ بوو. ناویم هێنا. هێزی خوو، دیسانەوە- یان ویژدانێکی تاوانبار، ڕەنگە، تا بیەوێت دڵنیا بم لەوەی کە من تەنیام پێش ئەوەی سەرپێچیەک ئەنجام بدەم؟

- کاثی؟

وەڵام نییە.

لە تاریکیدا بە پەلە ڕۆیشتمە ژووری میوان. گڵۆپەکەم داگیرساند.

ژوورەکە بەو شێوەیەی کە مۆبیلیاتی نوێ سەرسامت دەکا تا لێ ڕادێی ڕایچڵەکاندم : کورسی نوێ، کوشنی نوێ؛ ڕەنگی نوێ، سوور و زەرد، لەو شوێنانەی کە ڕۆژێک ڕەش و سپی هەبوون. گوڵدانێک لە سەوسنی پەمەیی- گوڵە دڵخوازەکانی کاثی- لەسەر مێزەکە بوو؛ بۆنی بەهێزیان هەواکەی تەنگ و هەناسەدانی سەخت کردبوو.

کاتژمێر چەند بوو؟ ھەشت و نیو. لە کوێ بوو؟ پرۆڤەکردن؟ ئەو لە بەرهەمێکی نوێی ئۆتێلۆ بوو لە RSC، وە ئەوەش باش نەدەڕۆیشت. پرۆڤە بێکۆتاکان خەریکی کاریگەری خۆیان بوون. ئەو ئێستا بە شێوەیەکی دیار ماندوو بوو، کاڵ بوو، لە ئاسایی لاوازتر بوو، بەرەنگاری سەرما دەبوویەوە. "من هەموو کات نەخۆشێکی نەفرەتی بەردەوامم”. ئەو دەیگوت"من ماندووم."

ڕاست بوو؛ هەر شەوێک کە لە پرۆڤە دەگەڕایەوە و ترسناک دەردەکەوت؛ خەواڵوو بوو و ڕاستەوخۆ دەچووە سەر جێگاکە. بۆیە ئەگەری هەبوو دوو سەعات یان کەمتری پێچووبایە تا دەهاتەوە. بڕیارمدا مەترسیەکە بگرمە بەر.
شوشەی حەشیشەکەم لە شوێنی حەشاردانی خۆی دەرهێنا و دەستم کرد بە پێچانەوەی جگەرەیەک.

لەوەتەی زانکۆوە ماریجوانام دەکێشا. بۆ یەکەمجار لە خولی یەکەممدا ڕووبەڕووی بوومەوە، بە تەنیا و بێ هاوڕێ لە ئاهەنگی قوتابیە تازەکان، ئیفلیج بووم لە ترساندا نەوەک دەست بە گفتوگۆیەک بکەم لەگەڵ قوتابیە کەشخە و باوەڕبەخۆکانی دەوروبەرم.   پلانی هەڵهاتنم دادەنا، ئەو کاتەی کچەکەی لە تەنیشتمەوە وەستابوو شتێکی پێشکەش کردم. پێم وابوو جگەرەیە تا بۆنی دوکەڵی ڕەشی  تیژی لوولەکەم کرد. شەرمم دەکرد ڕەتی بکەمەوە، قبوڵم کرد و لولەکەم بۆ لێوەکانم برد . بە شێوەیەکی خراپ پێچرابوویەوە و کەمێک هاتبوویە دەرەوە. نووکەکەی تەڕ بوو و بەهۆی سووراوی لێوەکەیەوە سوور بوو. تامی جیاواز بوو لە جگەرەیەک؛ دەوڵەمەندتر، ڕاوەتر، نامۆتر بوو. دوکەڵی ئەستوورم قووت دا و هەوڵمدا نەکۆکم. سەرەتا تەنها هەستم بە سوکبوونی پێیەکانم کرد. وەک سێکس، ماریجوانا زیاد لە حەد گەورە کرابوو . پاشان- دوای خولەکێک یان زیاتر- شتێک ڕوویدا. شتێکی باوەڕپێنەکراو. وەک ئەوە وابوو لە شەپۆلێکی گەورەی خۆشگوزەرانیدا تەڕ بووبیت. هەستم بە سەلامەتی و ئارامیی و بە تەواوی ئاسوودەیی و گەمژەیی و بێئاگایی دەکرد.

نەخۆشە بێــدەنگەکە ✔️Where stories live. Discover now