٧

150 29 10
                                    

Unedited




ژووری چارەسەرکردنەکە ژوورێکی چوارگۆشەیی بچووک و تەسک بوو؛ وەک ژوورێکی زیندان. پەنجەرەکە داخرابووو بەربەستی بۆ کرابوو. سندوقێکی پەمەیی کلێنکس لەسەر مێزە بچووکەکە، تێبینییەکی دڵخۆشکەری لێدرابوو- پێدەچێت لەلایەن ئیندیراوە لەوێ دانرابێت: نەمدەتوانی بیربکەمەوە کە کریستیان کلێنکس پێشکەش بە نەخۆشەکانی بکات.

لەسەر یەکێک لە دوو کورسییە لێدراو و کاڵبووەکان دانیشتم. خولەکەکان تێپەڕین. هیچ نیشانەیەکی هاتنی ئەلیسیا نەبوو. ڕەنگە ئەو نەیەت؟ ڕەنگە  ڕەتی کردبێتەوە چاوی پێم بکەوێت. ئەوە بەتەواوی مافی خۆی بوو.

بێ تاقەت، دڵەڕاوکێ، نیگەران، وازم لە دانیشتن هێنا و هەڵسامەوە و بەرەو پەنجەرەکە ڕۆیشتم. لە نێوان ئاسنی پەنجەرەکە سەیری دەرەوەم کرد.

حەوشەکە سێ نهۆم لە خوار منەوە بوو. قەبارەکەی ئەوەندە قەبارەی یاریگای تێنس بوو، بە دیواری بەرزی خشتی سوور دەورە درابوو، دیوارەکانی زۆر بەرز بوون بۆ سەرکەوتن، هەرچەندە بێ گومان هەندێکیان هەوڵیان داوە. نەخۆشەکان هەموو پاشنیوەڕۆیەک بۆ سی خولەک هەوای پاک دەچوونە دەرەوە، جا بیانویستبا یان نا، لەم کەشوهەوای ساردەدا من گلەییم لێنەدەکردن ئەگەر نەیانویستبا بچنە دەرەوە. هەندێکیان بە تەنیا وەستابوون و لەبەر خۆیانەوە قسەیان دەکرد، یان وەک زۆمبی بە بێئارامی بۆ پێش و دواوە دەڕۆیشتن، بێ ئەوەی بۆ هیچ شوێنێک بچن. هەندێکی تریش بە گروپ کۆدەبوونەوە و قسەیان دەکرد، جگەرەیان دەکێشا، دەمەقاڵەیان دەکرد. دەنگ و هاوار و پێکەنینێکی سەیر دەگەیشتە گوێم.

سەرەتا نەمتوانی ئەلیسیا ببینم. پاشان شوێنی ئەوم دۆزیەوە. بە تەنیا لە کۆتایی حەوشەکەدا، لە لای دیوارەکە وەستابوو. بە بێ جوڵە، وەک پەیکەرێک. یوری بە لای حەوشەکەدا ڕۆیشت بەرەو ڕووی. قسەی لەگەڵ ئەو پەرستارە کرد کە چەند پێیەک لە دوورییەوە وەستابوو. پەرستارەکە سەری بە ڕەزامەندی لەقاند. یوری بە وریاییەوە، بە هێواشی چووە سەرەوە بۆ لای ئەلیسیا، وەک ئەوەی  لە ئاژەڵێکی پێشبینینەکراو نزیک بیتەوە.

داوام لێکردبوو زۆر وردەکاری ڕوون نەکاتەوە، تەنیا تا بە ئەلیسیا بڵێ کە چارەسەرکەری دەروونی نوێی یەکەیەکە حەز دەکات چاوی پێی بکەوێت. داوام کرد وەک  پرسیاری لێبکا نەک داواکاری. ئەلیسیا لە شوێنی خۆی وەستابوو کە قسەی لەگەڵ دەکرد. بەڵام نە سەری لەقاند و نە سەری هەژاند و نە هیچ ئاماژەیەکی کە پیشانی بدا گوێی لێبووە. دوای کەمێک وەستان، یوری ڕووی سوڕاند و ڕۆیشت.

باشە، ئیدی ئەوەندە بوو، بیرم کردەوە- ئەو نایەت. بە نەفرەت بێ، دەبوو بزانم. هەموو شتەکە کات بەفیڕۆدان بوو.
پاشان سەرم سوڕما کە بینیم ئەلیسیا هەنگاوێکی بەرەو پێشەوە نا. کەمێک لەرزی و بە دوای یوریدا بە حەوشەکەدا ڕۆیشتن- تا لە ژێر پەنجەرەکەدا لە چاوم ون بوون.
کەواتە ئەو دێت. هەوڵمدا نیگەرانیەکەم کۆنتڕۆڵ بکەم و خۆم ئامادە بکەم. هەوڵمدا دەنگی نەرێنی سەرم بێدەنگ بکەم- دەنگی باوکم- کە پێی دەگوتم من لە ئاست ئەو کارەدا نیم، بێسوودم، ساختەکارم.
بێدەنگ بە، بیرم کردەوە، بێدەنگ بە، بێدەنگ بە

نەخۆشە بێــدەنگەکە ✔️Where stories live. Discover now