٧'

91 27 8
                                    

Unedited

" هەستێکی تاڕادەیەک جیاوازم هەیە لە جاری ڕابردوو."
گووتم.  هیچ وەڵامێک نەبوو.

ئەلیسیا لە بەرامبەرم لەسەر کورسییەک دانیشتبوو، سەری کەمێک بەرەو پەنجەرەکە سوڕاندبوو. بە تەواوی هێمن دانیشتبوو، بڕبڕەی پشتی ڕەق و ڕاست بوو. لە چەلۆژەنێک دەچوو. یان سەربازێک.

“بیر لەوە دەکەمەوە کە کۆتا دانیشتن چۆن کۆتایی هات. کاتێک بە شێوەیەکی جەستەیی هێرشت کردە سەرم و ناچاربوون بتبەستنەوە”.

هیچ وەڵامێک نەبوو. دوودڵ بووم.

“پێم سەیرە ئایا ئەوەت وەک تاقیکردنەوەیەک ئەنجامدا؟ بۆ ئەوەی بزانی هێزم چەندە؟ پێموایە گرنگە بزانیت کە من بە ئاسانی ناترسم. دەتوانم ڕووبەڕووی هەر شتێک ببمەوە کە بۆمی فڕێدەدەیت”.

ئەلیسیا لە پەنجەرەوە سەیری ئاسمانی خۆڵەمێشی ئەودیوی پەنجەرەکەی دەکرد. ساتێک چاوەڕێم کرد.

“شتێک هەیە کە پێویستە پێت بڵێم ئەلیسیا. کە من لایەنگری تۆم. بەهیوای ئەوەی ڕۆژێک بێت باوەڕت بەوە هەبێت. بێگومان بۆ دروستکردنی متمانە کاتێکی زۆری دەوێ. چارەسەرکەرە کۆنەکەم دەیگوت هۆگری پێویستی بە ئەزموونی دووبارەبوونەوەی وەڵامدراوە هەیە- و ئەوەش بە شەوێک ڕوونادات.”

ئەلیسیا بێ ئەوەی چاوەکانی بنوقێنێت سەیری کردم. خولەکەکان تێپەڕین. زیاتر وا هەستت دەکرد وەک تاقیکردنەوەیەکی بەرگەگرتن وابێت نەک دانیشتنێکی چارەسەرکردن.

وادیاربوو من بە هیچ ئاراستەیەکدا بەرەو پێشەوە نەچووم . ڕەنگە ئەوە هەمووی لەخۆڕایی بووبێت. کریستیان ڕاستی کرد کە گووتی جرجەکان کەشتییەکی نقومبووی چۆڵ جێدەهێڵن. چی جەهەنەمێک وایکرد سەرکەوم  بەسەر ئەم کەشتییە وێرانەدا، خۆم بە مەستەکە شۆڕکردەوە، ئامادەی خنکان بووم ؟

وەڵامەکە لەبەردەمم دانیشتبوو. وەک دیۆمێدس گووتی، ئەلیسیا بووکی دەریایەکی(سایرن) بێدەنگ بوو، منی بۆ مەرگەساتەکەم ڕاکێشا.

هەستم بە نائومێدییەکی کتوپڕ کرد. ویستم هاوار بکەم بەسەریدا، شتێک بڵێ. هەر شتێک. تەنها قسە بکە.
بەڵام من ئەوەم نەگوت. بەڵکو نەریتی چارەسەرکردنم شکاند. وازم لە هەنگاونان بە نەرمی هێنا و ڕاستەوخۆ چوومە ناو مەسەلەکە:

“پێم خۆشە باسی بێدەنگیت بکەین. سەبارەت بەوەی کە مانای چییە ... هەست بە چی دەکەیت. وە بە تایبەتی بۆچی وازت لە قسەکردن هێنا”.

ئەلیسیا سەیری نەکردم. تەنانەت گوێی گرتووە؟

- لە کاتێکدا لێرە لەگەڵ تۆ دادەنیشتووم، وێنەیەک بەردەوام دێتە مێشکمەوە- وێنەی کەسێک کە بە مشتێک هاوارەکانی ڕاگرتووە، هاوارەکانی قووت دەدات. بیرمە کاتێک بۆ یەکەمجار دەستم بە چارەسەرکردن کرد، گریانم زۆر لا سەخت بوو . ترسم لەوە هەبوو کە لافاوەکە بە گێژی بمبات. ڕەنگە تۆش هەمان هەستت هەبێ. هەر بۆیە گرنگە هەرچەندت ویست کات تەرخان بکەیت تا هەست بە سەلامەتی بکەیت و متمانەت هەبێت کە تۆ تەنیا نابیت لەم لافاوەدا- کە من لێرە لەگەڵتدا لەناو ئاوەکە دەبم.”

نەخۆشە بێــدەنگەکە ✔️Where stories live. Discover now