P4/چاپتەری نۆ

77 23 3
                                    

Unedited






لەگەڵ ئەلیسیا لە بێدەنگیدا دانیشتبووم.

لەم بێدەنگیەدا زیاتر ڕادەهاتم، باشتر بوم لە بەرگەگرتنیان و تەقریبەن ئاسودە بووم لەگەڵیدا لەو ژوورە بچووکەدا، لە بێدەنگی.

ئەلیسیا دەستەکانی لەسەر کۆشی دانابوو، بە شێوەیەکی ڕیتمی، وەک لێدانی دڵ، دەستەکانی توند دادەخست و دەیکردنەوە. ڕووی لە من بوو، سەیری منی نەدەکرد، بەڵکو لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوەی دەکرد. بارانەکە وەستابوو و هەورەکان بۆ ساتێک جیابوونەوە و ئاسمانێکی شین و کاڵ دەردەکەوت؛ پاشان هەورێکی تر دەرکەوت و بە خۆڵەمێشی تەمومژاوی کرد. ئەوکاتە قسەم کرد.

"شتێک هەیە کە تازە زانیوومە. شتێک کە ئامۆزاکەت پێی وتم".

تا دەمتوانی بە نەرمی ئەمەم وت. ئەو کاردانەوەی نەبوو، بۆیە منیش بەردەوام بووم.

- پۆڵ وتی کاتێک منداڵ بوویت گوێت لە باوکت بووە کە شتێکی وێرانکەری گووتووە. دوای ئەو ڕووداوە ئۆتۆمبێلەی کە دایکت تیایدا گیانی لەدەستدا ... گوێت لێ بوو دەیگوت خۆزگە تۆ بمردابای، لەبری ئەو."

دڵنیا بووم کە کاردانەوەی جەستەیی دەبێت، دانپێدانانێک بە جۆرێک. چاوەڕێ بووم، بەڵام هیچیان دەرنەکەوتن.

- پێم سەیرە هەستت چۆنە کە پۆڵ ئەمەی بۆ باسکردووم- لەوانەیە ئەوە وەک خیانەتێک بێت لە متمانەت. بەڵام باوەڕم وایە بەرژەوەندییەکانی تۆی لەبەرچاو بوو. ئاخر تۆ لە ژێر چاودێری مندایت".

هیچ وەڵامێک نییە. دوودڵ بووم.

- لەوانەیە یارمەتیدەر بێت ئەگەر شتێکت پێ بڵێم. نەخێر- ڕەنگە ئەوە ناڕاستگۆیی بێت- ڕەنگە ئەوە من بم کە یارمەتیدەر بێت. ڕاستییەکە ئەوەیە من لەوە باشتر لێت تێدەگەم کە بیری لێدەکەیتەوە. بەبێ ئەوەی بمانەوێت زۆر شت ئاشکرا بکەین، من و تۆ جۆرە منداڵیەکی هاوشێوەمان ئەزموون کردووە، لەگەڵ جۆرە باوکێکی هاوشێوە. وە هەردووکمان هەر کە توانیمان ماڵەوەمان بەجێهێشت. بەڵام زۆری نەخایاند بۆمان دەرکەوت کە مەودای جوگرافی بە شتێکی زۆر کەم لە جیهانی دەرووندا ئەژمار دەکرێت. هەندێک شت ئەوەندە بە ئاسانی لەبیرناکرێن. دەزانم منداڵی تۆ چەندە زیانبەخش بووە. گرنگە تێبگەیت کە ئەمە چەندە جدییە. ئەوەی باوکت وتی یەکسانە بە کوشتنی دەروونی. ئەو تۆی کوشت".

ئەمجارەیان کاردانەوەی هەبوو.

بە توندی سەری بەرز کردەوە- ڕاستەوخۆ سەیری کردم. چاوەکانی وا دیار بوو ناخمی کوندەکرد. ئەگەر نیگاکان بتوانن بکوژن، ئەوە ئەوکاتە من مردبووم. بەبێ لەرزین چاوم لە نیگا کوژەرەکەی کرد.

- ئەلیسیا. ئەمە دوا چانسی ئێمەیە. ئێستا لێرە دانیشتووم بەبێ ئاگاداری و مۆڵەتی پرۆفیسۆر دیۆمێدس. ئەگەر بەردەوام بم لە شکاندنی یاساکان بەم شێوەیە لە پێناو تۆدا، ئەوا لە کارەکەم دوور دەخرێمەوە. هەر بۆیە ئەمە دواجار دەبێت کە من ببینیت. تێدەگەیت؟

ئەمەم بەبێ هیچ چاوەڕوانی و هەستێک، بە بێهیوایی گوت. ئیتر بێزاربووم ئەوەندە سەرم بە دیوارەکەدا بدەم. چاوەڕوانی هیچ جۆرە وەڵامێکم نەدەکرد. و دوایی ...

سەرەتا پێم وابوو تەنیا خەیاڵە. پێم وابوو شتەکان دەبیستم. بە هەناسەبڕکێیەوە چاوم لێی بوو. هەستم کرد دڵم لە سنگمدا دەلەرزێت. کاتێک قسەم کرد دەمم وشک بوو.

ئایا- ئایا تۆ ... شتێکت وت؟

بێدەنگییەکی تر. دەبێ هەڵەم کردبێت. دەبێ بە خەیاڵمدا هاتبێت. بەڵام دواتر ... دووبارە ڕوویدا.

لێوەکانی ئەلیسیا بە هێواشی، بە ئازارەوە دەجووڵان؛ دەنگی کەمێک تێکشکا، وەک دەروازەیەکی چرچ و لۆچ کە پێویستی بە ڕۆنکردن هەبوو.

بە چرپە گوتی: "چی...". پاشان وەستا. و دیسانەوە: "چی ... چی-"

بۆ ساتێک تەنها چاومان لە یەکتر بوو. چاوەکانم هێواش هێواش پڕ بوون لە فرمێسک- فرمێسکی بێباوەڕی و وروژاوی و سوپاسگوزاری.

- من چیم دەوێت؟ من دەمەوێت بەردەوام بیت لە قسەکردن.... قسە بکە- قسەم لەگەڵ بکە ئەلیسیا-"

ئەلیسیا چاوی لە من بوو. بیری لە شتێک دەکردەوە. لەکۆتاییدا بڕیاری دا.

هێواش هێواش سەری لەقاند.
وتی: باشە.









نەخۆشە بێــدەنگەکە ✔️Where stories live. Discover now